هاتووچۆی هەولێر سەبارەت بە شەقامی 120 مەتری هاووڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە

"پەڕینەوەی پیادەکان لەسەر شەقامی خێرا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە"
شەقامی 120 مەتری، فۆتۆ: ھاوكار سەڵاح
شەقامی 120 مەتری، فۆتۆ: ھاوكار سەڵاح

K24 - هەولێر:

بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاگاداریەکی سەبارەت بە شەقامی 120 مەتری بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە چەند یاسایەک دا و داوای لە هاووڵاتیان و شۆفێران کرد یاساکان پەیڕەو بکەن.

لە راگەیەندراوەکەی هاتووچۆی هەولێردا هاتووە، سەرجەم شۆفێران وهاووڵاتیان ئاگادار دەکەینەوە، کەوا لە چەند رۆژی داهاتوا ژمارەیەك یاسای تایبەت بە رێگای خێرا لە شەقامی 120 مەتری پەیڕەو دەکرێن و هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات سزای یاسایی دەدرێت.

ئەو یاسایانەی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێداون:

1. لە کاتی سەرکەوتن لە دەروازەکانی شەقامی خێرا دەبێت شۆفێران لە سایدی تاودان بمێننەوە و خێراییەکانیان زیاد بکەن، تا دەگاتە خێرایی شەقامەکە، پاشان بێنە رێڕەوی خێرا، هەروەها لەسەر شۆفێرانی سەر رێگای خێرا ئەرکە ئاسانکاری بۆ ئەو شۆفێرانە بکەن کە دێنە ناو شەقام، لەوحاڵەتەدا پێشینە بۆ کەس نییە.

2. دەبێت شۆفێران بۆ تێپەڕاندن تەنیا رێڕەوی ئەوپەڕی چەپ بەکاربێنن و نابێت بە بەردەوامی لەسەری بڕۆن.

3. مانۆڕی تێپەڕاندن دەبێت بە تەنیا لەلای چەپ ئەنجام بدەن لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە، بە هیچ شێوەیەک لولخواردن وهەوڵی تێپەڕاندن لەلای راست رێگاپێدراو نییە.

4. ئەگەر ڕۆیشتنەکە بە ئەوپەڕی خێرایی رێگەپێدراو بێت، دەبێت بە بەردەوام ماوەیەکی بێوەیی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکان جێبهێڵرێت، لەوحاڵەتە ماوەکە کەمتر نەبێت لە 100مەتر یان 3 چرکە.

5. دەبێت بارهەڵگرەکان لە رێڕەوی ئەوپەڕی راست بڕۆن و بەخێراییەک کە ئەوپەڕی 80 کیلۆمەتر بێت لە کاتژمێرێك.

6. ماتۆرسکیلی سێتایە و پایسکل و مۆپید قەدەغەیە شەقامی خێرا بەکاربهێنن لەژێر هەر بیانویەک بێت.

7. بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندی لە کاتی لێخوڕین لە شەقامی خێرا یان هەر شەقامێکی دیکەی ئاساییش بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

8. پەڕینەوە و رۆیشتنی پیادەکان لەسەر شەقامی خێرا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

9. هەمو وەستان و بەیەکتر گەیشتن و چاوەڕێکردنێک بۆ ئۆتۆمبێلەکان قەدەغەیە، تەنیا لە حاڵەتی وەستانی لەناکاو نەبێت، ئەویش دەبێت بەپێی بنەماکانی هاتووچۆ بێت و لەلای راستی شەقام بێت و فسفۆری ئاگادارکردنەوە دابنرێت لە دوای ئۆتۆمبێلە وەستاوەکە.

10. ئەو بارهەڵگرانەی شەقامی خێرا یان هەر شەقامێکی دیکە بەکاردێنن دەبێت بە باشی بارەکانیان ببەستنەوە و رەچاوی بەرزی و بەرینی بارەکان بکەن کە لە سنووری یاسایی بێت.

11. هەموو کڕین و فرۆشتنێک لەسەر شەقامی خێرا قەدەغەیە و هەر کەسێك ئەو کارە بکات سزا دەدرێت.

12. لە شەقامی خێرا لە کاتی دەرچوون دەبێت بەرلە یەك کیلۆمەتر ئامادەکاری بکرێت بە گرتنی لای راستی رێگاکە، رۆیشتن بەهەمان خێرایی تا دەگەنە مەودایەکی زۆر نزیک لە دەرچە، دواتر خێراییان کەم بکەنەوە و لە شەقامەکە دەربچن بەبێ ئەوەی دەرچوونەکەیان کاربکاتە سەر شۆفێرانی دیکە و ناچاریان بکات رێڕەوەکەیان بگۆڕن، یان خێراییان کەم بکەنەوە.

13. پێشبڕکێکردن، نمایشکردن و سەرکێشیکردن بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

14. نابێت گۆڕینی رێڕەو لەوپەڕی چەپ بۆ ئەوپەڕی راست بە یەکجار بکرێت و بەپێچەوانەوەش، بەڵکو دەبێت رێڕەو بەپێی رەخسانی هەلی گونجاو بگۆڕدرێت.