حەلبووسی داوای هەڵبژاردنی سەرۆك کۆماری عێراق دەکات

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌یه‌وێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان گفتوگۆ بكه‌ن
محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

 K24- هه‌ولێر:

محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كات، گفتوگۆ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد حەلبوسی، راگەیەندراوێکی لەسەر زاری سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، "دوای کۆتاییهاتنی وەرزی یەکەمی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و کۆتاییهاتنی جەژنی قوربان و دەستپێکردنی وەرزی نوێ، داوا لە خوشك و برایان لە هێزە سیاسییەکان و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان دەکەم، بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و لە رێگەی گفتوگۆوە هەنگاو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بنێین.

چوارچێوەی هەماهه‌نگی شیعه‌ش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای كردووه‌، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئەم هەفتەیە بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار كۆببێته‌وه.

هاوكات چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردیش كردووه‌، له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ  پۆستی سه‌رۆك كۆمار رێكبكه‌ون.