بۆ گرنگیدان بە هاوسەرەکەی واز لە پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران دەهێنێت
K24 - هەولێر:
سۆفی ویلمز، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دوای ئەوەی دەرکەوت هاوسەرەکەی (کریس ستۆن) تووشی شێرپەنجەی مێشک بووە، دەستی لەکارکێشایەوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، سۆفی ویلمز لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوە کردووە، "رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی هاوسەرەکەم کارێکی ئاڵۆز و قورسە، دەمەوێت شانبەشانی هاوسەرەکەم و منداڵەکانم دژی ئەم نەخۆشیە بجەنگم".
ناوبراو گوتیشی: "ئەرکەکانی ئێستام لە حکومەتدا، رێگەم پێنادەن ئەوە بکەم".
لە مانگی نیسانی 2022، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا بۆ ماوەیەکی کاتی، ئەرکەکانی سۆفی ویلمزی لە پۆستی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە گرتە ئەستۆ.
سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، ئەلێکساندەر دی کرۆ لە تویتێکدا سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی جێگرەکەی گوتی: " سوپاس بۆ پەرۆشی و پابەندبوونتان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا. ئەمە ماڵئاوایی نییە، تا جارێکی دیکە یەکدی دەبینینەوە".