وەزیری خوێندنی باڵا: کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێوارانمان کەمکردەوە

"لە کۆی 14 سەرۆک زانکۆی حکومی 12یان گۆڕاون"

K24 - هەولێر

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە گوتەیەکدا باس لە گرنگترین چالاکی وەزارەتەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت: کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێوارانمان بە رێژەی %45 کەمکردەوە.

وەزیری خوێندنی باڵا، رایگەیاند: "لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنی وەزارەتەکەمان دا، پێم خۆشبوو مشتێک لە خەرمانی دەستکەوتەکانمان بۆ ئێوە رابگەیێنم. هەر لە سەرەتاوە سەبارەت بە نوێکردنەوەی سەرکردایەتی زانکۆکان کە پرسێکی یەکجار گرنگ بوو، لە کۆی 14 سەرۆک زانکۆی حکومی لە ئێستادا 12 سەرۆک زانکۆیان گۆڕاون. هەروەها گۆڕانکاری لە راگری کۆلێژەکان ئەنجام دراوە، نزیکەی 60 راگر لە زانکۆکان گۆڕاون و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت. هەروەها رەخساندنی دەرفەت بۆ سەرکردەی ئەکادیمی ژن، بۆ بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، لە ئێستادا سێ خانم سەرۆکی زانکۆن لە نێو راگرەکانیش  دەرفەتی گونجاو بۆ خانمانی کوردستان دەڕەخسێنین".

د. ئارام محەمەد، گوتیشی: "لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدا، کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێوارانمان بە رێژەی %45 کەمکردەوە، لە پێناو هاوکاریکردنی خوێندکاران و کەسوکاریان. لەم پرۆسەیەشدا بە دەیان ملیار دینار هاوکاری کەسوکاری خوێندکاران کردووە. یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی ئێمە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی تایبەت، لە ساڵی یەکەمدا %25 و ساڵانی دواتر، بەپێی ئەنجامەکانی  ریزبەندی نیشتمانی، کرێی خوێندنی تایبەت بە رێژەی (%10  بۆ %20 ) کەمکرایەوە. لەناو ئەو قەیران و هەلومەرجانەی کە هەیە، توانیمان کار بکەین بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی ساڵی (2015-2016) و (2016-2017)  کە ژمارەیان نزیکەی 3 هەزار قوتابی دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێکی تر لە چالاکییەکانی وەزارەتمان راگەیاندنی 6 هەزار کورسی خوێندنی باڵا، بۆ خوێندنی دبلۆمی باڵای یەک ساڵی و ماستەر و دکتۆرا.  بۆ یەکەمین جار ئێمە توانیمان پلانی وەرگرتن لە زانکۆ حکومییەکان بگەیەنینە ئاستێک کە %100ی دەرچووانی ئامادەیی، ئەوانەی کە داواکاریان لە رێگای سیستمی زانکۆلاین پێشکەشکردبوو، لە خوێندنی  حکومیدا هەموومان جێکردوونەتەوە. هەروەها دابینکردنی کورسی خوێندنی خۆڕایی بۆ هاوسەر و منداڵانی شەهیدانی سەر بەرزی گەلەکەمان. دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ سەرجەم ئەو پێشکەشکارانەی کە (شەنگال و کەرکووک و خانەقین) و ناوچەدابڕاکانی کوردستان داوایان پێشکەش کردبوو. دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ منداڵانی ئاوارەکانی سووریا. دەستەبەرکردنی پاڵپشتی دارایی مانگانە بۆ خوێندکاران بە بڕی 7 ملیار و 250 ملیۆن دینار بە هاوکاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران".

وەزیری خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەوەشکرد: "بەدەستهێنانی فەند و پشتیوانی دارایی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ریفۆرمی خوێندنی باڵا لە رێگای پڕۆگرامەکانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەت بەرنامەکانی ئیراسمۆس و ئیراسمۆس پلەس. بۆ نموونە: پرۆژەی تایگریس (TIGRIS)، ئەم پرۆژەیە  لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئیراسمۆس پلاس و بە هاوکاری یەکێتی ئەوروپا لە بواری خوێندنی باڵادا  لە نێوان ساڵانی 2017-2020 جێبەجێکرا کە تایبەت بوو، بە پەرەپێدانی تواناکان و پشتیوانی بە نێودەوڵەتیکردنی دەزگاکانی خوێندنی باڵا و بڕی 3 ملیۆن یۆرۆ بۆی تەرخانکرا. هەروەها پرۆژەی Apprais، ئامانجی گشتی پرۆژەی ئەپەرایس بریتیە لە مۆدێرنکردنی سیستەمی بەرێوەبردنی دامودەزگاکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بە گرینگیدان بە پلانی ستراتیژی و دڵنیایی جۆری و جولەی کرێدیت و ئاکامەکانی فێربوون، بۆ ئەوەی بۆلۆنیا پرۆسێس بە شێوەیەکی باشتر لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. ئەم پرۆژەیە بۆ ماوەی سێ ساڵ بەردەوام دەبێت و بڕی یەک ملیۆن یۆڕۆ بۆی تەرخان کراوە. هەروەها ئامادەکردنی چەندین رێنمایی بۆ رێکخستنی کاروبارە جیاجیاکانی کەرتی خوێندنی باڵا، بەتایبەت رێنمایی مۆڵەتی خوێندن، رێنمایی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی".

د. ئارام محەمەد، گوتی: "خاڵێکی تر کە جێگەی ئاماژە پێکردنە فراوانکردنی رەهەندی نێودەوڵەتی زانکۆکانمانە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی زانستی و ئەکادیمیان. هەروەها پێشکەوتنی بەشێکی بەرچاوی زانکۆکانی کوردستان لە ریزبەندی 15 هەزاری زانکۆکانی جیهانەوە بۆ خوار ریزبەندی چوار هەزار یەکێکی ترە لەو خاڵانەی کە جێگەی شانازی و دڵخۆشی وەزارەتەکەمانە. تەرخانکردنی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار، بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و هاوکاری توێژەرانی کوردستان بە هاوکاری سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران. پاراستن و دەربازکردنی پرۆسەی خوێندن لەسەردەمی بڵاوبونەوەی پەتای جیهانی (Covid-19) دا یەکێکی دیکە بوو لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی ئێە کە خەڵکانێک پێیان وابوو ئەرکێکی قورسە و هەورازێکی یەکجار سەختمان لە پێشە، بەڵام بە پشتیوانی خوا و مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیانی کوردستان توانیمان بە سەرکەوتووی دەربازی بکەین".

راشیگەیاند: "لە رووی کارگێڕییشەوە لە کۆی  31 هەزار و 332 دۆسیەی فەرمانبەران  25هەزار و 375 دۆسیە وردبینی کراون. کە 299 پلەی زیادە وەرگیراوەتەوە و164 سەرمووچەی زیادە کە خەرج کراوە".