کۆریای باشوور قەدەغەی گەشتی هاووڵاتیانی بۆ عێراق درێژکردەوە

K24 - هەولێر:
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور رایگەیاند، حکومەتی کۆریای باشوور بڕیاریدا، ماوەی قەدەغەی گەشتکردن لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بۆ 7 وڵات درێژبکاتەوە.
بە گوێرەی هەواڵەکەی ئاژانسی یۆنهاپ، هاووڵاتیانی کۆریای باشوور بۆ ماوەی 6 مانگی دیکە، واتە تا کۆتایی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو ناتوانن گەشت بۆ عێراق، یەمەن، سووریا، ئۆکرانیا، سۆماڵ و ئەفغانستان بکەن.
جگە لەو وڵاتانە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور، قەدەغەی گەشتکردنی بۆ چەند ناوچەیەکی سێ وڵات بۆ ماوەی 6 مانگی دیکە درێژکردەوە، ئەوانیش فلیپین، رووسیا و بێلارووس.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور پێیوایە، "ئاڵۆزی سیاسی و خراپی بارودۆخی ئەمنی و مەترسییەکانی تیرۆر بۆ ماوەیەکی زۆر لەو وڵاتانە بەردەوامییان دەبێت." هەر بۆیە بڕیاری قەدەغەی گەشتکردن درێژکراوەتەوە.
لە هەواڵی ئاژانسەکەدا هاتووە، بەپێی یاسای پاسپۆرت، وەزیری دەرەوە مافی خۆیەتی بەکارهێنانی پاسپۆرت سنووردار بکات و سەردان و مانەوە لە هەندێک وڵات و ناوچە قەدەغە بکات، لە پێناو پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان.