كریستاڵ پاڵاس و كاردۆ سبه‌ی رووبه‌ڕووی مان یونایتد ده‌بنه‌وه‌

كاردۆ سدیق به‌رگریكاری یانه‌ی كریستاڵ پاڵاس و پاتریك ڤیێرا راهێنه‌ری كریستاڵ پاڵاس
كاردۆ سدیق به‌رگریكاری یانه‌ی كریستاڵ پاڵاس و پاتریك ڤیێرا راهێنه‌ری كریستاڵ پاڵاس

یانەی کریستاڵ پاڵاس دوای یارییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول و گەشتەکەی بۆ سەنگاپوورە، ئەمجارە گەشتی ئوسترالیای کردووە و لەوێ کەمپێکی راهێنانی کردووەتەوە، بڕیارە سبەی لە یارییەکی دۆستانە رووبەڕووی مانچێستەر یونایتد ببیتەوە.

کریستاڵ پاڵاس لە ئوسترالیایە و ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێ دەکات، کە لە ریزەکانی ئەم یانە ئینگلیزیە کاردۆ کامەرانی کوردستار دەبینرێت و لەلایەن پاتریک ڤیێرای راهێنەرەوە بانگهێشت کراوە.

کریستاڵ پاڵاس تا ئێستا لەم مانگە چوار یاریی دۆستانە و ئامادەکاریی کردووە، لە دوو یاریدا براوە بووە و یارییەکیشی بە یەکسان بوون کۆتایی هاتووە، یارییەکیشی بەرامبەر لیڤەرپوول دۆڕاند، بڕیاریشە پێنجەمین یاریی دۆستانە و ئامادەکاریی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد بکات.

كۆمه‌ڵێك یاریزانی كریستاڵ پاڵاس بێ سه‌روشوێنن

پاتریک ڤیێرا راهێنەری کریستاڵ پاڵاس له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ باره‌ی ئاماده‌كاری و یارییه‌ دۆستانه‌كانی یانه‌كه‌ی بۆ وه‌رزی نوێ، رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ یانه‌كه‌ی به‌ دۆخێكی نموونه‌یی تێپه‌ڕ نابێت، ده‌شڵێت: دۆخێكی باش نییه‌ بۆ هیچ راهێنەرێک کە دەست بە ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێ بکات بەبێ ئەوەی یاریزانە سەرەکییەکانی ئامادەبن یاخود کۆمەڵێک یاریزانی بێ سەروشوێن بێت، بەڵام لەلایەکی دیکە ئێمە دڵخۆشین بە بوونی ئەم یانەیە و بەشێکین لە پرێمەرلیگ.

پاتریك ڤیێرا گوتیشی: پێویستە تێبگەین کە ئەم یاریزانانە بە هۆکاری جیاواز دواکەوتوون و قسە لەسەر دۆخی تایبەتی یاریزانانیش ناکەین، بۆ وەرزی نوێ کۆمەڵێک ئامانجمان هەیە، لە هەمووی گرنگتر دەمانەوێت زیاتر پێشکەوین، هیوادارین چەند گرێبەستێکی دیکە بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئامانجەکانمان بەدەست بهێنین.

کریستاڵ پاڵاس بەبێ چەند یاریزانێکی گەشتی ئوسترالیای کردووە لە نێوانیاندا وێلفرێد زاها و مارک گوێهی و ئێبێریچی، کریستاڵ هێمای بۆ ئەوە کردووە کە چەند یاریزانێکی شایستەی گەشتەکە نەبوون و هەندێکیشیان مەرجەکانی چوونە ژوورەوەیان بۆ سەنگاپوورە و ئوسترالیا جێبەجێ نەکردووە بۆیە لە ماڵەوە ماونەتەوە.

کریستاڵ پاڵاس سێ یاریی دیکەی ئامادەکاریی دەکات پێش ئەوەی دەست بە وەرزی نوێ بکات، چاوەڕێش دەکرێت لە یارییەکەی بەرامبەر مان یونایتد زیاتر لە 75 هەزار هاندەر ئامادەبن.