ئه‌گه‌ر له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سكاڵا له‌ حكومه‌تی عێراق تۆمار بكرێت به‌ ملیاران دۆلار زیانی به‌رده‌كه‌وێت

برێند ئۆلێری

K24 - هه‌ولێر:

برێند ئۆلێری، پسپۆڕی ده‌ستووری و مامۆستای زانكۆ به‌ كورستان24ی راگه‌یاند، گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان یاسایین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نایاساییه‌، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵییه‌، له‌كاتێكدا دادگاكه‌ خۆیشی نایاساییه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری نییه‌.

ئۆلێری گوتی: پێموایه‌ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق به‌پێی ده‌ستوور دادگایه‌كی باڵا نییه‌، به‌ گوێره‌ی مادده‌ی 92ی ده‌ستووری عێراق، ده‌بێت دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دادگایه‌كی باڵا هه‌ڵبژێرن و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، ئه‌مه‌ش رووینه‌داوه‌، واتا هیچ شتێك رووینه‌داوه‌ تا ئه‌م دادگایه‌ی له‌سه‌ر درووست بكرێت.

گوتیشی: ئه‌و دادگایه‌ی ئێستا هه‌یه‌، به‌ پڕۆسه‌ی ده‌ستووریدا تێنه‌پڕیووه‌ و درووست نه‌كراوه‌، هیچ بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری نییه‌، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌ریكردوون، زۆر نایاسایین، بێ بنه‌مان، دادگاكه‌ خۆی نایاساییه‌.

ئه‌و پسپۆڕی ده‌ستوورییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌گه‌ر كۆمپانیا گه‌وره‌كان له‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و دادگای فیدراڵی عێراق‌ تۆمار بكه‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ عێراق ده‌دۆڕێنێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دادگای باڵا، فیدراڵی نییه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستووری عێراق هاتووه‌، خاڵێكی دیكه‌، له‌باره‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگاكه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو ده‌ریكردوون، به‌ تایبه‌تی له‌باره‌ی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر له‌ دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی سكاڵا تۆمار بكرێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ده‌یدۆڕێنێت و زیانێكی زۆر ماددییش ده‌كات.

گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان

له‌ باره‌ی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئۆلێری روونیكرده‌وه‌، ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ به‌ته‌واوی یاسایی و ده‌ستوورین، ده‌ستووری عێراق جیاكاری كردووه‌ له‌نێوان گاز و نه‌وتدا، واتا ئه‌و بابه‌ته‌ جیاكراوه‌ته‌وه‌، رۆڵی ئیداره‌دانیشیان جیاوازه‌، له‌ ده‌ستووری عێراقدا ئه‌مه‌ به‌ته‌واوه‌تی جیاكراونه‌ته‌وه‌.

روونیشیكردووه‌، هه‌رێمی كوردستان یاسا‌ی نه‌وت و گازی به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ركردووه‌، له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق بووه‌، یاساكه‌ زۆر رێكوپێكه‌، ئه‌و گرێبه‌ستانه‌شی له‌ كه‌رتی نه‌وتی و گاز له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كراون، به‌ وردی له‌لایه‌ن كۆمپانیاكان خوێندراونه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌خۆیانه‌وه‌ نه‌هاتوون گرێبه‌ست واژۆ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عێراقی ئه‌و بابه‌ته‌ بوروژێنێت؛ دادگای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌، ئه‌و كۆمپانیا گه‌ورانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، ده‌توانن ئه‌و كه‌یسه‌ ببه‌نه‌وه‌.

ئۆلێری ئاشكرای كرد، چه‌ندان جار له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ پێشێلی ده‌ستوور كراوه‌، ئه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانه‌ گرنگه‌ خۆی مافه‌كانی خۆی داوا بكات، پیاده‌یان بكات، هه‌رێمی كوردستان هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری وڵاته‌كه‌ بێت، ئه‌وه‌ی كوردستان له‌سه‌ریه‌تی بیكات، له‌ په‌رله‌مانی عێراق گفتوگۆ بكات، پابه‌ندی بكات، ئه‌و به‌ندانه‌ی ده‌ستوور، كه‌ ده‌نگی پێدراوه‌، جێبه‌جێ بكرێت.

راشیگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌ مادده‌ی 140ی ده‌ستووردا هاتوو له‌باره‌ی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، بۆچی جێبه‌جێ ناكرێت؟ ده‌كرێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاگاداربكاته‌وه‌، ده‌ستوور داندراوه‌ و ده‌نگی پێدراوه‌ و جێبه‌جێ ناكرێت.

پێشێلكردنی ده‌ستوور

سه‌باره‌ت به‌ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پسپۆڕه‌ ده‌ستوورییه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ گوتی: ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و رێچكه‌یه‌ی خۆی به‌ردوام بێت، له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی نه‌وت و گاز قسه‌ بكه‌ن و پێیان بڵێن، به‌پێی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستووری عێراقیش گرێبه‌سته‌كانیان ته‌واوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی و ده‌ستووری نییه‌.

ئاشكراشی كرد، هه‌ر كه‌سێك شاره‌زایی له‌ ده‌ستوور و یاسا هه‌بێت، ده‌زانێت ئه‌م بڕیارانه‌ی دادگای فیدراڵی سیاسین، هێرشه‌ بۆ سه‌ر ده‌ستووری عێراق، پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراقه‌، دادوه‌ر "بوچه‌ر"یش له‌ به‌ریتانیا رایگه‌یاندووه‌،‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان یاسایین و زۆر ته‌واون، ئه‌وه‌ی نایاساییه‌، بڕیاركه‌ی دادگای فیدراڵییه‌.

ئۆلێری جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، راوێژی من بۆ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌م سیاسته‌ بچنه‌ پێشه‌وه‌، سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، بۆ عێراق راوێژتان ده‌ده‌مێ، ئه‌گه‌ر به‌م سیاسه‌ته‌ بچنه‌ پێشه‌وه‌ و به‌رده‌وام بن، به‌ ملیاران دۆلار زیان به‌ دارایی عێراق و كه‌رتی نه‌وت ده‌گه‌یه‌نن.