تیمێکی شاخەوانی لە سلێمانی رێگریان کرد لە تەشەنەکردنی ئاگرێک لە چیای گۆیژە

"پەڕەشوتەوانێک مەشخەڵێکی فڕێدا و ئاگرکەوتەوە"
وێنەی مەشخەڵی پەرەشوتەوانەکە و ئەو شوێنەی لێی کەوتووە
وێنەی مەشخەڵی پەرەشوتەوانەکە و ئەو شوێنەی لێی کەوتووە

K24 - سلێمانی:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ (22ـی تەمووز)، ئاگر لە چیای گۆیژە کەوتەوە، تیمێکی شاخەوانی کە لە شوێنی رووداوەکە بوون رێگرییان کردووە لەوەی ئاگرەکە تەشەنە بکات.

ئارام قەرەداغی رۆژنامەوان دەڵێت، “بەیانی ئەمڕۆ هەینی، دوو پەڕەشووتەوان، مەشخەڵیان فرێدایە بناری شاخی گۆیژە و ئاگر لە شوێنەکەدا کەوتەوە. چەند هاووڵاتییەک کە بە مەبەستی شاخەوانی لەو  جێگەیە بوون توانییان رێگربن لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە و کۆنترۆڵی بکەن".

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوان بۆ مەبەستی وەرزشکردن لە چیاکە بوون، نازانن "پەڕەشوتەوانەکە نەیتوانیوە مەشخەڵەکە کۆنترۆڵبکات، یان فڕێیداو".

بەگوتەی ئەو رۆژنامەنووسە، تیمە شاخەوانییەکەیان پۆلیس و تیمی بەرگری شارستانیان لە رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەن.

رۆژی 20ی تەممووز، قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ رێگریکردن لە حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە بڕیاریدا، ئاگرکردنەوە بە هەموو شێوەیەک لە چیای گۆیژە و نێرگەلە کێشان قەدەغە بکات، رێگەش نادرێت کۆشکەکانی سەر چیاکە، ئاگربکەنەوە بۆ خۆراک ئامادەکردن و نێرگەلە کێشان.

چیای گۆیژە بەهۆی نزیکی لە شاری سلێمانییەوە، بووە بە شوێنی کۆبوونەوەی هاووڵاتیان و کات بەسەربردن، بەتایبەتی لە ئێواران و شەواندا، دیمەنەکانی سەر ئەم چیایە بەسەر شارەکەدا دەڕوانێت.