نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پرسی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق کۆدەبێتەوە

حکومەتی بەغدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سکاڵا دژی تورکیا تۆمار دەکات
یەکێک لە بریندارەکان لەکاتی چارەسەری تەندروستی لە نەخۆشخانەی زاخۆ
یەکێک لە بریندارەکان لەکاتی چارەسەری تەندروستی لە نەخۆشخانەی زاخۆ

K24 – هەولێر

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە سەر پرسی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق ، کۆدەبێتەوە.

سەرباز سندی جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد لە رۆژی سێشەممە 26ی تەمووز، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ناچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆدەبێتەوە.

کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە 23ی تەمووز) ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆکی ئەرکانی سوپا کۆبووەوە.

سەرباز سندی، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە گوتی: فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاندووە کە بە گوێرەی زانیارییەکان، هێرشی سەر هاوینەهەواری گوندی بەرخەی سنووری زاخۆ، لەلایەن سوپای تورکیاوە بووە.

حکومەتی تورکیا تا ئێستا رەتیکردووەتەوە کە هێرشەکە لەلایەن سوپای وڵاتەکەویەوە کرابێت، بەڵام ماوەیەکی زۆرە کە تورکیا بە بیانووی شەڕی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات.

رۆژی 20ی تەمووز، هاوینەهەواری گوندی پەرەخ لە سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە زاخۆ تۆپباران کراو و لە ئەنجامدا 9 گەشتیاری عەرەب گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 25 گەشتیاری دیکەش برینداربوون.

هێرشەکە، کاردانەوەی ناوخۆیی لە شارەکانی نەجەف، بەسرە، بەغدا و کەرکووکی لێکەوتەوە و خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین، لە بەردەم نووسینگەکانی پێدانی ڤیزەی تورکیا، خۆپێشاندانیان کرد.

بە گوێرەی زانیارییەکانی جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حکومەتی بەغدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سکاڵا دژی تورکیا تۆمار دەکات.