جوتیار عادل: 32 ماڵپەڕی وەزارەت و فەرمانگەکانمان لەناو یەک ماڵپەردا رێکخستووەتەوە

"فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندی پته‌و له‌گه‌ڵ هاووڵاتیاندا"
جوتیار عادل، گوته‌بێژ و سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
جوتیار عادل، گوته‌بێژ و سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. جوتیار عادل، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری و گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە گوتارێکدا باس لە گرنگترین کار و چالاکییەکان دەکات و دەڵێت، 32 ماڵپەڕی وەزارەت و فەرمانگەکانمان لەناو یەک ماڵپەردا رێکخستووەتەوە و داهاتیان بۆ حکومەت گەڕاندووەتەوە.

ده‌قی گوته‌كانی جوتیار عادل:

بە دروشمی حکومەتەکەی خۆت بناسە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ستراتیژییەت و سیاسەتی حکومەت بۆ راگەیاندن و گەیاندن دادەڕێژێت، ئەوەش لە پێناو دوو ئامانج کە بریتیین لە: ئاشناکردنی هاووڵاتیان و دەزگاکانی راگەیاندن بە بڕیار و چالاکی و پرۆژەکانی حکومەت. هه‌روه‌ها ناساندنی هەرێمی کوردستان بۆ جیهانی دەرەوە.

ئەرکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی زانیارییە لەسەر کار و چالاکی وەزارەتەکان بۆ رای گشتی و وەرگرتنی پەیامی هاووڵاتییان.

رێکخستنەوەی 32 ماڵپەڕی وەزارەت، فەرمانگە و دەستەکان لە ناو یەک ماڵپەڕدا، لە ژێر ناوی  gov.krd ، بەمەش توانیومانە ملیۆنان دینار بۆ خەزینەی حکومەت بگەڕێنینەوە.

فەراهەمکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و لاوان، بەجۆرک تا ئێستا ژمارەیەک گەنجی بەهرەمەند لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری کار دەکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری جگە لە سەرپەرشتیکردنی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی چەندین پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیاوە کار و چالاکییەکانی حکومەت بڵاودەکاتەوە.

بڵاوکردنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاره‌، ئەو بڕیارانە بەشێوەی گرافیک و بە وردەکاریی زیاتر لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکرێته‌وه‌، پاشان بەردەوام لە رێگەی ڤیدیۆ و راپۆرتەوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە و رای هاووڵاتییان لەسەریان، بڵاودەکرێته‌وه‌.

رێکخستن و گوتنەوەی زیاتر لە 20 خولی راهێنان بۆ میدیاکارانی وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانی حکومەت، بە پێویستی بابەتەکان و ئەو خولانەش بەردەوامییان هەیە، و میدیاکارانی راگەیاندنەکانی حکومەتیش سوودێکی باشیان لێوەرگرتووە.

ئەنجامدانی 10 کۆڕ و سیمینار بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگه‌ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەمەبەستی شیکردنەوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی پەیام و سەرنجی هاووڵاتیان.

دروستکردنی پڕۆژەی داشبۆردی داتاکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە رۆژانە زانیاریی ورد لەبارەی داتاکانی تایبەت بە کۆرۆنا و تووشبووان بە پێی پارێزگاکان ئەپدەیت دەکرێتەوە.

دەمەوێت لێرەوە ئەوەش رابگەیەنم پرۆژەیەکی گەورەمان لەبەردەستە، ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەویش دروستکردنی داشبۆردی داتاکانی پرۆژەکانی حکومەت، لە رێگەی ئەم پڕۆژه‌یه‌وه‌ داشبۆرده‌كه‌ بە وردی و به‌ شەفافی سەرجەم داتاکانی تایبەت بە پڕۆژەکانی حکومەت لە هەرێمی کوردستان دەخەینەڕوو.

بەرهەمهێنانی  428 ڤیدیۆ و 956 گرافیک سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی حکومەت لەلایەک، بۆ هۆشیاری هاووڵاتییان لەسەر بابەتی تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی وه‌ پەروەردە، لەلایەکی دیکەوە.

دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەیان ئاژانسی نێودەوڵەتی، عەرەبی و عێراقی بۆ پته‌وكردنی ئه‌و پرده‌ی نێوان حكومه‌ت و خه‌ڵك.

ئەنجامدانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی، چاوپێکەوتن و دیمانە لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتی، عەرەبی، عێراقیی و کوردستانییەکان.

ئامادەکردنی 6 رێبەر بۆ رێکخستنەوەی کاری میدیایی حکومی و دەرکردنی سیاسەتی راگەیاندن و گەیاندنی حکومەت کە گشتاندنیان بۆ کراوە، لە ئێستادا هەموو راگەیاندنی حکومەت لەسەر بنەمای ئەو رێبەرانە کاری میدیایی خۆیان دەکەن.

یەکخستنەوەی سروودی نیشتمانی، ئاڵا و لۆگۆی حکومەت لەسەر ماڵپەڕی حکومەت، بۆ ئەوەی هەرلایەنێک پێویستییان پێیان بوو، بە ئاسانی دەستی بکەوێت.

رێکخستنەوەی کڵێشەی نووسراوی دامودەزگاکانی حکومەت لە یەک شێواز و فۆنتدا، تاکو هەموو دامودەزگاکان لەسەر یەک شێواز و فۆنت و نووسراوەکانیان بکەن و ئەوەش جێبەجێکراوە.

ڤێریفایکردنی هەموو پەیجی دامودەزگاکانی حکومەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووك، ئینیستگرام و تویته‌ر بۆ ناساندنی په‌یجه‌كانی حكومه‌ت و جیاكردنه‌وه‌ی له‌و په‌یجانه‌ی فه‌یكن.

پێدانی زانیاری بە کەناڵەکانی راگەیاندن لە رێگەی  ئەو گرووپانەی کە لەگەڵ میدیاکاران دروستکراوە بۆ ئاسانکاری لە وەرگرتنی زانیارییەکان.

ئێمه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری به‌رده‌وام ده‌بین له‌ دروستكردنی پردێكی پته‌و له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ راگه‌یاندن و سه‌رجه‌م میدیاكاران بۆ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی خۆمان و گه‌یاندنی زانیارییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی شه‌فافانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حوكمڕانێكی باش به‌ دوای خۆیدا بێنێت.