فەرەنسا داوای "بڕیارێکی روون" لە ئێران دەکات

K24 - هەولێر

کۆشکی ئێلیزە، شەوی سێشەممە 23ی تەمووز، بڵاوی کردەوە کە ئێمانوێل مەکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران هەبووە.

رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە کە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، مەکرۆن نیگەرانی خۆی لەبارەی پێشوەچوونی کەمی گفتوگۆکان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، بە ئیبراهیم رەئیسی راگەیاندووە و داوای لێکردووە 'بڕیارێکی روون" بدات.

بە پێی بەیاننامەکەی کۆشکی ئێلیزە، مەکرۆن پێیوایە دەرفەت بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی بەرجام (ساڵی 2015) هەیە، بەڵام "دەبێ پەلەی لێبکرێت".

حکومەتی تاران لە مانگی حوزەیرانەوە، کامێرای چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە چەند بنکەیەی ئەتۆمی کوژاندەوە. ئەمە بووە هۆی زیاتربوونی کێشەی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی.

رافائێل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، نیگەرانی خۆی لە "ئاستی چاودێری سنووردار" لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، دەربڕیوە.

گروسی لەگەڵ ئاماژەدان بە ئاستی پیتاندنی 60٪ـی یۆرانیۆم لە ئێران، گوتوویەتی: ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێران دەیەوەێ چەکی ئەتۆمی دروست بکات، بەڵام کەسێک کە ئامانجی سەربازی لەو پرۆسەیە نەبێت، پێویستی بە پیتاندنی 60٪ـی یۆرانیۆم نییە.