گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەت: سبەینێ مووچەی مامۆستایانی زانکۆ و وانەبێژان دابەشدەکرێت
K24 - سلێمانی:
گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەینێ مووچەی مامۆستایانی زانکۆ و وانەبێژان دابەشدەکرێت و هەوڵی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی سیولە (پارەی نەختینە) لە بانکەکانی سلێمانی.
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی رایگەیاند، "پارەی نەختینە تەرخانكراوە و سبەی مووچەی مامۆستایانی زانكۆ و وانەبێژی پێكەوە دابەشدەكرێت و ھەوڵی جددی ھەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەبوونی سیولە لە بانكەكانی سلێمانی".
بەگوێرەی خشەی مووچەی مانگی ئایار، دەبوو پێش جەژنی قوربان لە رۆژی 9ی ئەم مانگەدا، مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکان، بەشێک لە مووچەی مامۆستایانی زانکۆ و وانەبێژان و خانەنشینان لە وادەی خۆیدا دابەشنەکرا.
لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، سەمیر هەورامی دەڵێت "داھات و خەرجی لە سلێمانی شەفافتر دەكرێت لەڕێی سیستەمێكی ئەلكترۆنییەوە، بەشێوازێك كە روونبێت، داھاتی ھەر دەزگایەكی حكومی لە ھەر رۆژێكدا چەندە و خەرجییەكانیش چەندە و بۆچی خەرج دەكرێن، لە ماوەی داھاتوودا سیستەمەكە دەكەوێتە كار".
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە سبەینێ دەرماڵەی مانگی نیسانی خوێندکاران خەرج بکرێت.
ئەمڕۆ 24ی تەممووزی 2022، بەشێک لە مامۆستایانی وانەبێژ لە سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشاندا لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان و داوایانکرد، کێشەی دواکەوتنی مووچە لە سنوورەکەدا چارەسەر بکرێت.