گۆڕان: بەرەی چاکسازیی و گۆڕینمان هەڵبژارد

13 ساڵ بەسەر بەشداری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان تێدەپەڕێت
مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی
مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ 13 ساڵ بەسەر بەشداری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان تێدەپەڕێت و گۆڕان رایدەگەیەنێت: لە دووڕیانی بەرەو توندوتیژی، یان بەرەو چاکسازی و گۆڕین دووەممان هەڵبژارد.

رۆژی 11/4/2009 نەوشیروان مستەفا لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "الشرق الاوسط"ی لەندەنی ژمارە ئاشکرایکرد، کە رێبەرایەتی لیستێکی تایبەت دەکات، جیاواز لە لیستی حیزبەکانی دیکەی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان. لە 25/7/2009، بە سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پێشووی یەکێتی وەک بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری سیاسی خۆیان راگەیاند، هەمان ساڵ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و 25 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی دواتر دەنگ و کورسییەکانی گۆڕان هەم لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان هەمیش عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئێستا گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان خاوەن 12 کورسی پەرلەمانیە، بەڵام ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران لە دەرەوەی فراکسیۆنەکەیان کار دەکەن.

لە ساڵیادی بەشداری سیاسیدا، بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکی پەیامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: "بزووتنەوەی گۆڕان لە دووڕیانی بەرەو توندوتیژی، یان بەرەو چاکسازی و گۆڕین، دووەمی ھەڵبژارد و بە تەواوی ھێزی سیاسی و پەرلەمانی و میدیایی و جەماوەریی شانی دایە بەر خەباتی پەرلەمانی".

نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەر و یەکەم رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، پێشتر جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، بەهۆی ناکۆکییەکان لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی دیکە لەو حزبە جیابوونەوە و گۆڕانیان دامەزراند. لە 19/5/2017 نەوشیروان مستەفا ئەمین رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی، دوای ئەو عومەر سەید عەلی وەک رێکخەری گۆڕان هەڵبژێردرا.

لە 13/10/2021 عومەر سەید عەلی و ئەندامانی دیکەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کە پیکهاتبوون لە: شێخ کامیل قادر، سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتمانی، سەفینی مەلا قەرە، سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان. ئاسۆ رەحیم، سکرتێری کاروباری باژێرەکان. دەرباز محەمەد، سکرتێری کاروباری ژوورەکان. برزۆ مەجید، سکرتێری کاروباری خەڵک، جەمال حاجی محەمەد سەرۆکی جڤاتی گشتیی، دەستیان لەکارکێشایەوە و داوایان کرد دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان دیاربکرێت.

لە کۆبونەوەی دوێنێ 24/7/2022، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان وەک بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردان لەناو بزووتنەوەکە، بڕیاریدا لەسەر نەریتی سیاسی خۆی بەردەوام بێت و تەمەنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن درێژنەکاتەوە.