لیوایەکی دیکەی یەکەکانی 70 و 80 دەخرێتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

"ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، تا یەکخستنەوەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە"
ژمارەیەک پێشمەرگە لەکاتی جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان
ژمارەیەک پێشمەرگە لەکاتی جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان

K24- هەولێر

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ کار بۆ گواستنەوەی لیوایەکی دیکەی هێزەکانی 70 و80 بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە دەكات.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاکەکان و خۆبەخشەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی چاکسازی و راوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، کار بۆ گواستنەوەی لیوایەکی دیکەی هێزەکانی 70 و80 بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، کۆبوونەوەکە، بۆ هەڵسەنگاندنی میکانیزم و پلانی چاودێریکردنی گواستنەوەی پێشمەرگە و ئەفسەرانی هێزەکانی 70 و 80 بوو، بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی دروستکردنی لیوای 22ی پیادە، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزەکانی 70 و80 یە، لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئەم پرۆسەیە به‌ یەکێک لەو هەنگاوانە داده‌نێت كه‌ کەوتووه‌ته‌ بواری جێبەجێکردن لە پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگەدا، کە تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی بە هاوکاری و هەماهەنگی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەنجامی دەدەن.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت: "ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، تا یەکخستنەوەی تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتدا".

كۆبوونه‌وه‌كه‌ بە سەرپەرشتی لیوا حیکمەت عومەر عوسمان بەڕێوەبەری گشتی تاکەکان و خۆبەخشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئامادەبوونی عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەلاح سدیق بەڕێوەبەری چاکسازی، کۆڵۆنێڵ بارت راوێژکاری سەربازی هۆڵەندا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، به‌ڕێوه‌چوو.

بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ راوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا
بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ راوێژکاری سەربازی وڵاتی هۆڵەندا