تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ دەبرێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق کۆدەبێتەوە
دیمه‌نێكی بریندارانی تۆپبارانه‌كه‌
دیمه‌نێكی بریندارانی تۆپبارانه‌كه‌

K24 – هەولێر

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق، بەتایبەتی تۆپبارانی ئەم دوایە بۆ سەر هاوینەهەواری گوندی پەرەخ کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 26/7/2022، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەگای سەرەکی خۆی لە نیویۆرک، بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی بەرنامەی کار کۆبوونەوەکە تایبەتە بە هێرشەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق بەتایبەتی تۆپبارانی چەند رۆژ لەمەوبەر بۆ سەر هاوینەهەواری گوندی پەرەخ-ی سەر بە ناحیەی دەرکار لە سنووری زاخۆ.

رۆژی 20/7/2022، بەهۆی تۆپبارانی توکیا لە ناوچەیەکی گەشتیاری گوندی پەرەخ-ی ناحیەی دەرکاری سنووری زاخۆ، 9 گەشتیار شەهید بوون و زیاتر لە 25 کەسی دیکەش برینداربوون.

تۆپبارانەکەی هاوینەهەواری کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەوەی لێکەوتەوە و رۆژی 23/7/2022، پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای ژمارەیەک پەرلەمانتار، بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆک ئەرکانی سوپا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند راپۆرتێک خرانەڕوو، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: بەگوێرەی زانیارییەکانی شارەزایانی سەربازی تۆپبارانەکە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە.