کەمال کلیچدار ئۆغلو پشتگیری لە بانگەوازەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش دەکات

"پێویستە بە زووترین کات، سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا ئازاد بکرێن"
سەلاحەدین دەمیرتاش و کەمال کلیچدار ئۆغلو .. وێنەی ئەرشیفی
سەلاحەدین دەمیرتاش و کەمال کلیچدار ئۆغلو .. وێنەی ئەرشیفی

K24 – هەولێر

کەمال کلیچدار ئۆغلو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پێشوازی لە بانگەوازی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان کرد.

کلیچدار ئۆغلو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی T24ی تورکی، لەبارەی بانگەوازی دەمیرتاش بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) قسەی کرد و گوتی: ئیمە گرنگی بەو داوایەی دەمیرتاش دەدەین.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، چەند رۆژ لەمەوپێش لە بەندیخانەی ئەدێرنە و لە رێگەی پارێزەکەیەوە وەڵامی T24ی دایەوە و گوتی: هەدەپە هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە. دەمانەوێت ئەوە بۆ رای گشتی تورکیا روون بێتەوە کە هەدەپە، باڵی سیاسی پەکەکە نییە. حزبێک کە کاری سیاسی بکات، پێویستی بە باڵی سەربازی نییە.

هاوکات کەمال کلیچدار ئۆغلو رایگەیاندبوو، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە کە هەدەپە دەبێتە حزبێکی تورکیا. دەبێت لەسەر ئەو رێگەیە بەردەوام بن. دەبێت ئەمە لەلایەن ئۆرگانێکی دیکەی هەدەپەوە بگوترێت.

کلیچدار ئۆغلو داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی کرد و گوتی: ئەو بەناحەق گیراوە. ئەو گیراوێکی سیاسییە و دەبێت بە زووترین کات ئازاد بکرێت. هەروەها عوسمان کاڤالاش لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێت.