پیلانێک بۆ هێرشکردنەوە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر پوچەڵکرایەوە
K24 – هەولێر
لەلایەن هێزێکی پێشمەرگە پیلانێکی هێرشکردنەوە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر پوچەڵکرایەوە.
راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەرکانی ھێزەکانی 70 لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە: "دوای ئەوەی چەند جارێک بە مووشەک کێڵگەی کۆرمۆرکرایە ئامانج، دەستبەجێ ھێزەکانمان دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە و پشکینین و گەڕان لە ناوچەکە بە تایبەت ئەو سنوورانەی کە لە بۆشایی ئەمنییدان. دوای گەڕان و بەدواداچوونی ورد لە لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوەو سەرئەنجام رۆژی 27 تەممووزی 2022 ھێزێکی لیوای16 دوای پشت بەستن بە زانیاری ھەواڵگری و وەرگرتنی رەزامەندی سەرۆکایەتی ئەرکانی ھێزەکانی حەفتا، ئۆپراسیۆنیان ئەنجامدرا و توانرا بگەنە ئەو ئامانجەی کە شوێنی تەقاندنی مووشەکەکان بووە".
ئاماژە بەوەشکراوە: "مووشەکەکان لەسەر ئۆتۆمێلێکی جۆری کیا جێگیرکرابوو بەشێوەیەکی دەستکرد ئامادەکرابوو، تا جارێکی تر کۆرمۆر بکرێتەوە ئامانج و توانرا پیلانەکە پوچەڵبکرێتەوە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێل و مووشەکەکان بگیرێت".
ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەی ئەم دوو مانگەی دواییدا چوار جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، دوایین هێرشیش لە 25/7/2022 کراوە.