کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە دەبەسترێتەوە

گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی
وێستەگەیەکی کارەبا
وێستەگەیەکی کارەبا

K24 - هەولێر

بڕیارە تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە ببەسرێتەوە و رێکارەکانی لە قۆناغەکانی کۆتایدان، هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمی سوتەمەنییەوە  3500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام پێویستی بە نزیکەی 6500 مێگاوات هەیە و عێراقیش نزیکەی 22 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت و پێویستی بە زیاتر لە 30 هەزار مێگاواتە.

ئومێد ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بۆ پێکەوە بەستنەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراق دیراسەمان کردووە و ئێستا لە قۆناغی کۆتایی داین، بێگومان هەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکان لێکدەدەینەوە دواجار بڕیارەکە لای وەزارەتی کارەبایە، ئەگەر پرۆسەکە ئەرێنی بێت، لە رووی تەکنیکییەوە باش دەبێت کە دەبێتە سیستمی کارەبا لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەکاتی بوونی بەرهەمی زیاد لە هەر لایەنێکەوە دەتوانرێت وزە بگوازرێتەوە، واتا ئاڵوگۆڕی وزە دەکرێت".

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کارەبا و سەرپێچی کردن، لە قۆناغی یەکەم ملیۆنێک و 300 هەزار پێوەری زیرەکی بۆ ماڵان دانەوە، لە قۆناغی دووەمیش نزیکەی 500 هەزار دادەنێت، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەباش رایگەیەنێت: لە ھەرێمی كوردستان بەراورد بە عێراق کورتهێنان لە کارەبا کەمترە.

پێشڕەو نوری، بەڕێوبەری گشتی بەرهەمهێنان لە وەزارەتی کارەبا بە کوردستان24ی گوت: "ژێرخانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی شەش هەزار 800 مێگاواتە، بەڵام ئێستا بەهۆی کەمی سوتەمەنی 3500 بۆ 3600 کارەبا بەرهەم دەهێنین، لە هەمانکاتدا پێشبینی دەکەین لەم وەرزەدا خواست لەسەر کارەبا بگاتە 5500 مێگاوات کارەبا، لە وەرزی زستانیش نزیکەی حەوت هەزار مێگاوات".