باره‌گاكانی عه‌مار حه‌كیم له‌ به‌غدا و چه‌ند شارێكی دیكه‌ داخران

عه‌مار حه‌كیم: نه‌خێر بۆ فیتنه‌گێڕی
عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌
عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كانی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌، لایه‌نگرانی سه‌در باره‌گاكانی عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌یان له‌ به‌غدا و چه‌ند شارێكی دیكه‌ داخست، هاوكات نووسینگه‌ی كه‌ناڵی فوراتیش، كه‌ سه‌ر به‌ ره‌وته‌كه‌ی عه‌مار حه‌كیمه‌، له‌ به‌سره‌ داخرا.

داخستنی باره‌گاكانی عه‌مار حه‌كیم له‌ به‌غدا و به‌سره‌ و كوت و چه‌ند شارێكی دیكه‌ و نووسینگه‌ی كه‌ناڵی فورات له‌ به‌سره له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، لایه‌نگرانی سه‌در له‌ كاردانه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی عه‌مار حه‌كیم ئه‌و هه‌نگاوه‌یان ناوه‌، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ رایگه‌یاندبوو، "تێبینی چه‌ند هه‌وڵێكمان كرد، كه‌ بۆ چاندنی فیتنه‌ و چه‌قبه‌ستوویی له‌ نێوان گه‌ل و پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ئارادا بوون، كه‌ جگه‌ له‌ شه‌ڕ هیچیان بۆ عێراق و گه‌له‌كه‌ی ناوێت".

عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ له‌ گوتاره‌كه‌یدا دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، "به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ بێده‌نگ نابین، كه‌ بۆ نانه‌وه‌ی فیتنه‌ و په‌لكێشكردنی گه‌نجان بۆ ناو ململانێ ده‌درێن و داواشی له‌ لایه‌نه‌كان كرد، ناكۆكییه‌كانیان تێپه‌ڕێنن و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ بكه‌نه‌وه‌".

دوای ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ش، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی ئایه‌تێكی قوئانی پیرۆزی بڵاوكرده‌وه‌ و نووسیویه‌تی: "لَئِن بَسَطتَ إِلَيَّ يَدَكَ لِتَقْتُلَنِي مَا أَنَا بِبَاسِطٍ يَدِيَ إِلَيْكَ لِأَقْتُلَكَ ۖ إِنِّي أَخَافُ اللَّهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ"، هه‌ر له‌ تویته‌كه‌شدا عه‌مار حه‌كیم نووسیویه‌تی: "نه‌خێر بۆ فیتنه‌گێڕی".