خۆپیشاندانی به‌غدا برینداری لێكه‌وته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
خۆپیشاندانی لایه‌نگرانی سه‌در برینداری لێكه‌وته‌وه، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران هه‌وڵی چوونه ناوه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وزیان داوه و به‌ربه‌سته كۆنكریتییه‌كانیان بڕی و ویستوویانه له رێگه‌ی هۆتێل ره‌شید و پردی زه‌یتوونه‌وه بگه‌نه ناوچه‌ی سه‌وز.
په‌یامنێری كوردستان24 رایگه‌یاند، هێزه ئه‌مه‌نییه‌كان گازی فرمێسكڕژێنیان به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كارهێنا، دیمه‌نه‌كانیش نیشانی ده‌ده‌ن، كه خۆپیشانده‌كه ژماره‌یه‌ك برینداری لێكه‌وته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا هۆكاری برینداربووه‌كانیان ئاشكرا نه‌كراوه.
خۆپیشاندانی به‌غدا برینداری لێكه‌وته‌وه pic.twitter.com/p1k3Ex5Df2
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) July 30, 2022
هه‌رچه‌نده وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایگه‌یاندووه، كه 3 بریندار له خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی به‌غدا هه‌یه، به‌ڵام سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، تا ئێستا 7 بریندار هه‌ن.
له چه‌ند شوێنێك خۆپیشانده‌ران به په‌یژه به‌سه‌ر به‌ربه‌سته كۆنكرییه‌كان ده‌كه‌ون، هێزه ئه‌منییه‌كانیش رووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه، تا دێت ژماره‌ی خۆپیشانده‌ران زیاد ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژنانیش به‌شدارییان تێدا كردووه.
خۆپیشانده‌ران داواكاری گۆڕانكاری ریشه‌یی ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت محه‌مه‌د شیاع سوودانی وه‌ك كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بكشێته‌وه.
به‌شێك له خۆپیشانده‌ران ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، كاتێك مووسڵ كه‌وته ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی داعش، نووری مالیكی چه‌كی هه‌ڵنه‌گرت، خۆپیشانده‌ران توڕه‌ن و پردی كۆماری به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز تێده‌په‌ڕێنن و ده‌ڵێن ده‌بێت سه‌رجه‌م گه‌نده‌ڵكاران دووربخرێنه‌وه.
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش گرته ڤیدیۆییه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر له پشتی پیكابێكه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه، ئه‌و كه‌سه‌ی گرته‌كه‌ی تۆمار كردووه، ده‌ڵێت بریندار هه‌یه.