حەوت گەشتیاری عێراقی لە ئێران گیانیان لەدەستدا

لەو حەوت کەسەی گیانیان لەدەستداوە، پێنجیان ژنن
لەو چەند رۆژی دواییدا، ٦٩ کەس لە ئێران بە هۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە
لەو چەند رۆژی دواییدا، ٦٩ کەس لە ئێران بە هۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە

K24 – هەولێر

جێگری پارێزگاری خوراسانی ئێران، رایگەیاند کە پاسێکی بچووک بە هۆی لافاوەوە وەڕگەڕاوە و لە ئەنجامدا حەوت لە سەرنشینەکانی کە گەشتیاری عێراقی بوونە، گیانیان لەدەستداوە.

میدیاکانی ئێران لەسەر زاری موحسین داوەری، جێگری پارێزگاری خوراسان، بڵاویان کردەوە کە 12 گەشتیاری عێراقی بە پاسێکی بچووک ویستوویانە سەردانی مەزارگەی ئیمامزادە یەحیا لە دەوروبەری شاری مەشهەد بکەن، بەڵام لافاو ئۆتۆمبێلەکەی ئەوانی لەگەڵ خۆی بردووە. لەو رووداوەدا کە رۆژی شەممە (30ی تەمووز) روویداوە، حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن. لەو حەوت کەسەی گیانیان لەدەستداوە، پێنجیان ژنن.

جێگری پارێزگاری خوراسان، وردەکاری زیاتری لەبارەی ناسنامەی ئەو گەشتیارە عێراقییانە بڵاو نەکردووەتەوە.

بە پێی ئامارەکانی حکومەتی ئێران، ساڵانە زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیاری عێراقی سەردانی شارەکانی ئێران و بەتایبەت مەشهەد دەکەن.

چەند رۆژێکە، لافاو چەندین پارێزگاری ئێرانی گرتووەتەوە و تا ئێستا بە هۆیەوە 69 کەس گیانی لەدەستداوە.