په‌نابه‌رانی خێوه‌تگای كالیه ده‌گوازرێنه‌وه به‌ریتانیا
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی شاره‌وانی (كالیه) ی فه‌ڕه‌نسی "ناتاشا بوچار" داوای هه‌مواركردنی ڕێككه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی و به‌ریتانیا ده‌كات له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی پشكنین بۆ په‌نابه‌رانی خێوه‌تگای كالیه له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه له ناو خاكی فه‌ڕه‌نسادا.
دوای بڕیاردانی خه‌ڵكی به‌ریتانیا به ده‌رچونیان له یه‌كێتی ئه‌وروپا، سه‌رۆكی شاره‌وانی كالیه، كه ده‌كه‌وێته سه‌ر سنور له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، داوای له "فرانسوا ئۆڵاند" ی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا كردووه كه له‌وباره‌یه‌وه به‌ریتانیا ئاگادار بكاته‌وه تا به‌رپرسیاریه‌تی سنوره‌كه‌ی له ئه‌ستۆ بگرێت به تایبه‌تی له‌م بابه‌ته‌دا.
"ناتاشا "پێیوایه ئێستا وڵاته‌كه‌ی له پێگه‌یه‌كی به‌هێزدایه بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخاته سه‌ر به‌ریتانیا و پێویسته به‌ریتانییه‌كان به‌رپرسیاریه‌تی گۆڕانكارییه‌كانی پاش ده‌رچوونیان له یه‌كێتی ئه‌وروپا له ئه‌ستۆ بگرن.
به پێی ڕێككه‌وتنێك له نێوان فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیادا كه ساڵی 2003 كراوه، ڕێگه به به‌ریتانیا ده‌درا له‌ناو خێوه‌تگه‌ی(كالیه) ی فه‌ڕه‌نسیدا پشكنین بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه بكات كه ده‌یانویست له‌و سنوره‌وه بپه‌ڕنه‌وه به‌ریتانیا.
به‌ڵام پاش ڕۆژێك له بڕیاردانی خه‌ڵكی به‌ریتانیا به ده‌رچوون له یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی شاره‌وانی كالیه‌وه داوای هه‌مواركردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه ده‌كرێت.
پێشتریش فه‌ڕه‌نسا له‌باره‌ی ده‌رچوونی به‌ریتانیا له یه‌كێتیه‌كه هۆشداری دابووه ئه‌و وڵاته، كه له‌كاتی بڕیاردانی ده‌رچوون له یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌و خێوه‌تگایه له خاكی فه‌ڕه‌نساوه ده‌گوازنه‌وه بۆ سه‌ر خاكی به‌ریتانیا له‌وبه‌ری ده‌ریای مانشه‌وه.
پێشتر كوردستان 24 دۆكیۆمێنته‌رییه‌كی له‌باره‌ی گوزه‌رانی كۆچه‌رانی ئه‌و خێوه‌تگایه بڵاوكردبووه و وه‌ك یه‌كه‌م كه‌ناڵ وێنه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی په‌نابه‌ره‌كانی له‌و سنوره گرتبوو كه شه‌وانه له ڕێگه‌ی به‌نده‌ر و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانه‌وه ده‌په‌ڕینه‌وه بۆ به‌ریتانیا.