مەترسی بەکارهێنانی دەرمانی چارەسەری رۆماتیزم رەتدەکرێتەوە

"نەخۆشەکان دەنگۆیەکیان بیستووە کە گوایە ئەو دەرمانانە چارەسەری کیمیایین و بۆ شێرپەنجە بەکاردەهێندرێن"
دەرمانی رۆماتیزم
دەرمانی رۆماتیزم

K24 - هەولێر:

پزیشکێکی نەخۆشیەکانی جومگە و ئێسک و رۆماتیزم رەتیدەکاتەوە، ئەو بڕە دەرمانەی بۆ چارەسەری رۆماتیزم بەکاردەهێندرێت، بە چارەسەری کیمیایی هەژمار بکرێت و دەڵێت، پێویست ناکات ئەو کەسانەی نەخۆشی رۆماتیزمیان هەیە، دەرمانەکە رەتبکەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، روونکردنەوەی هێمن مەحمود ئاغا، پزیشکی لە نەخۆشیەکانی جومگە و ئێسک و رۆماتیزمی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دەڵێت، هەندێک نەخۆش دەترسێت لە بەکارهێنانی دەرمانی دژە رۆماتیزم، چونکە دەنگۆیەکیان بیستووە کە گوایە ئەو دەرمانانە چارەسەری کیمیایین و بۆ شێرپەنجە بەکاردەهێندرێن و کاریگەری لاوەکییان هەیە، بەڵام ئەوە هەڵە تێگەیشتنە.

پزیشکەکە باسی لەوەکردوە، راستە چارەسەرە دژە رۆماتیزمییەکان بەتایبەتی (میتۆترکسیەیت MTX) بۆ چارەسەری هەندێک جۆری شێرپەنجە بەکاردێت، بەڵام بە بڕی زۆر، کە لە 200 میلیگرامەوە دەستپێدەکات بۆ هەزار میلیگرام، بەڵام بۆ نەخۆشییە رۆماتیزمییەکان تەنها 10 بۆ 25 میلیگرام بەکاردەهێنن، کە بڕێکی کەمە و بە چارەسەری کیمیایی دانانرێت و ناوە دروستەکەی  دەرمانی سەرکوتکەری نەخۆشیە رۆماتیزمییەکانە.

ئەو پزیشکە بە پێویستیزانیوە، نەخۆشەکان تووشی دڵەڕاوكی نەبن و چارەسەرەکە رەتنەکەنەوە، بەڵکو دەبێت بەگوێرەی رێنماییەکان دەرمانەکە بەکاربهێنێن.

نەخۆشی رۆماتیزم، بریتییە لە هەوکردنی درێژخایەنی جومگە بچووکەکانی دەست و قاچ و کاردەکاتە سەر دیوی ناوەوەی جومگەکان و بەهۆیانەوە ئاوسان و ئازار دروست دەبێت، ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە و رێژەی تووشبوون لەناو ژناندا زیاترە وەک لە پیاوان.