لە سلێمانی مینێک تەقییەوە و مینهەڵگرەوەیەک برینداربوو

"بەهۆی پابەندبوون بە رێنماییەکانی خۆپاراستن زیانی زۆری بەرنەکەوتووە"
مینهەڵگرەوەکە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی
مینهەڵگرەوەکە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی

K24 – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتی کارەکەیدا، مینێک تەقیوەتەوە بە کارمەندێکیاندا و بەهۆیەوە برینداربووە.

دەزگای گشتی کاروباری مین، راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین لە سلێمانی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدراوە "ئەمڕۆ کاتژمێر 6:30 خولەک، فەرەیدوون محەمەد مستەفا، مینھەڵگرەوە لەکاتی کارەکەیدا و لە کێڵگە مینی چەوتە لە شاخی گۆیژە بەھۆی رووداوی تەقینەوەی مینێکی جۆری( type 72 ) برینداربوو".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی دەزگای مین، دەستبەجێ لەلایەن تیمی پزیشکییەوە، چارەسەری سەرەتایی بۆ مینهەڵگرەوەکە کراوە و گواستراوەتەوە بۆ (نەخۆشخانەی شار) لە شاری سلێمانی و چارەسەری بۆ دەکرێت.

دەزگای گشتی کاروباری مین دەڵێت "بەھۆی پابەند بوون بە رێنماییە خۆپارێزییەکان لە کاتی کارکردنیدا کەمترین زیان بەر مینهەڵگرەوەکە کەوتووە".

لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رژێمی بەعس، دوای چۆڵکردنی گوندەکان و ناوچە سنوورییەکان و راگواستنی دانیشتوانەکانیان بۆ ئۆردووگاکان، زۆرینەی گوند و ناچە شاخاویی و سنورییەکانی، مینڕێژکرد، بەوهۆیەوە سەدان هەزار مین لە هەرێمی کوردستان هەن و مەترسین بۆسەر ژیانی هاووڵاتیان، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی دەزگای گشتیی کاروباری مینەوە، کاردەکات بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە جیاوازەکان.