لایەنەکان بڕیار لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدەن

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات

K24 – هەولێر

بڕیارە کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان، بە سەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە هەولێر کۆببنەوە و بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدەن.

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاند: "رۆژی چوارشەممەی داهاتوو 10ی ئابی 2022، بە مەبەستی بڕیاردان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق کۆدەبنەوە".

پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 24ی شوباتی 2022 فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆ كردبوو، بڕیاریدا رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌می 2022 هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام لایەنەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و گۆڕانکاری لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان کۆک نین، چەند جارێکیش لایەنە سەرەکییەکان بۆ ئەو پرسە کۆبوونەتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ماوەی رابردوودا چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان ئامادەن بۆ هەڵبژاردن. لە کۆبوونەوەی 1ی ئەم مانگە لەگەڵ جێنین هێنس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: "دەبێت بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن نەمێنن و هەڵبژاردن لە زووترین كاتدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پارتی ئامادەیە تەنانەت سبەی هەڵبژاردن بكرێت".