دوای پێنج رۆژ لە بێسەروشوێن بوونی تەرمەکەی دۆزرایەوە

تائێستا چارەنووسی کچەکەی دیارنییە
وێنەی فاروق میرزا لەگەڵ کچەکەی
وێنەی فاروق میرزا لەگەڵ کچەکەی

K24 - زاخۆ

دوای پێنج رۆژ لە بێسەروشوێن بوونی باوک و کچێک، تەرمی پیاوەکە دۆزرایەوە و چارەنووسی کچەکەشی دیارنییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ، پێنج رۆژ لەمەوبەر هاووڵاتییەک بەناوی فاروق میرزا تەمەن 42 ساڵ لەگەڵ کچەکە بەناوی ئاخین فاروق تەمەن شەش ساڵ، کە دانیشتووی کەمپی چەمشکوی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن، بێسەروشوێن بوون، دوای پێنج رۆژ تەرمی فاروق بە کوژراوی دۆزراوەتەوە و تائێستاش چارەنووسی کچەکەی دیار نییە.

بە گوتەی کەسوکاریان، ئەو رۆژەی لە ماڵ چوونەتە دەر کاتژمێر شەشی ئێوارە لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە خێزانەکەیانەوە کردووە، گوتویانە کە ئەوان لەنێو بیستانێکن، دوای ئەوە پەیوەندییان لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەیانەوە پچڕاوە.

‎فاروق میرزا، خەڵکی قەزای شنگالە و لەکاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014 زێدی خۆی جێهێشتووە و لە کەمپی چەمشکو لە زاخۆ نیشتەجێبووە.

‎پەیامنێرمان لە زاخۆی رایگەیاند، شەوی رابردوو هێزەکانی پۆلیسی زاخۆ تەرمی فاروق-یان بە کوژراوی لەنێو بیستانێکی نزیک کەمپەکە دۆزیتەوە، بەڵام چارەنووسی کچەکەی دیارنییە.

کەسوکاری فاروق ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەوان کێشەیان لەگەڵ هیچ کەس نییە و ئەو رۆژە لەنێو بیستانەکە دەعوەتی هاوڕێیەکی بووە بەناوی بەرەکات، ئەو کەسە پێشتر چەند کەیسێکی لە پۆلیس و دادگا هەبووە و بە تاوانی کوشتن سزا دراوە.

فاروق میرزا لەگەڵ ناخین-ی کچی
فاروق میرزا لەگەڵ ناخین-ی کچی