گەورەترین کۆمەڵگای پیشەسازی لە گەرمیان دروست دەکرێت

پڕۆژەکە لە 60 کارگە پێکدێت

K24 - گەرمیان

گەورەترین کۆمەڵگای پیشەسازی کە لە 60 کارگەی پترۆکیمیاوی، کانزایی، پلاستیک و بەرهەمەکانی دیکە پێکهاتووە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و لە ناحیەی رزگاری دروست دەکرێت.

عومەر کەریم، وەبەرهێنەرە و پڕۆژەکە لەلایەن ئەوان جێبەجێ دەکرێت بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەم پڕۆژەیەی ئێمە پڕۆژەی بەرھەمھێنانی ماست، پەنیر، ئایس کرێم و چەند جۆرێکی خواردەمەنی دیکە لە خۆی دەگرێت، بە تەواو بوونیشی هەلی کار بۆ نزیکەی 400 کرێکار دەڕەخسێت".

ناوچە پیشەسازییە نوێیەکە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی رزگاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لەسەر رووبەری پێنج ھەزار دۆنم زەوی بنیات دەنرێت، جیا لەم پڕۆژە ستراتیژییە ھەر لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەراورد بە 15 ساڵی رابردوو زۆرترین پڕۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام دراوە.

ھونەر مەحموود، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی گەرمیان بە کوردستان24ی گوت: "ئەگەر گەرمیان بە نموونە وەربگرین، دەتوانین بڵێین لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، زۆرترین پڕۆژەمان ئەنجام داوە بەراورد بە 15 ساڵی پێشوو".

پیشەسازی بە شادەماری ئابووری وڵاتان ھەژماردەکرێت، ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرھێنان، پەرەپێدان و دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی نوێیە. لەو چوارچێوەیەدا لە کابینەی نۆیەم 59 مۆڵەت دراوەتە کەرتی پیشەسازی و کۆی سەرمایەکانیان ملیارێک و 777 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، بەمەش سێکتەری پیشەسازی پێشخراوەو لە ریزبەندی لە پلەی یەکەم دایە.