وەزیری دەرەوەی تایوان: چین بە مانۆڕی سەربازی ئامادەکاری بۆ لەشکرکێشی دەکات

جۆزێف وو، وەزیری دەرەوەی تایوان
جۆزێف وو، وەزیری دەرەوەی تایوان

K24 - هەولێر:

جۆزێف وو، وەزیری دەرەوەی تایوان رایگەیاند، پەكین مانۆڕە سەربازییە ئاسمانی و دەریاییەكانی خۆی لە دەوروبەری دوورگەكە بەكاردەهێنێت بۆ ئامادەكاری لەشكركێشی و گۆڕینی دۆخی ئێستا لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن.

چین هەفتەی رابردوو گەورەترین مانۆڕی سەربازی خۆی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا، ئەمەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ سەردانەکەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان.

وەزیری دەرەوەی تایوان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: چین مانۆڕ و پلانی سەربازی بۆ ئامادەکاری بۆ لەشکرکێشی تایوان بەکاردەهێنێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "مەبەستی راستەقینەی چین گۆڕینی دۆخی ئێستایە لە گەرووی تایوان و تەواوی ناوچەکە".

جۆزێف وو  ئاماژە بەوەشدا، چین بە مەبەستی لاوازکردنی تایوان، مانۆڕی سەربازی بەرفراوان، هەڵدانی مووشەک، هێرشی ئەلیکترۆنی، هەڵمەتێکی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و فشاری ئابووری ئەنجام دەدات.

تایوان 23 ملیۆن دانیشتووی هه‌یه‌ و ده‌سه‌ڵاتێكی خۆبه‌ڕێوبه‌ری هه‌یه‌ و چین رای وایه‌، تایوان به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ خاكی نیشتمانی دایك.