بۆ دیارکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لایەنەکان لە کۆبوونەوەدان
K24 - هەولێر
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری جێنین هێنس پلاسخارت، نێردهی تایبهتی نهتهوه یهكگرتووهكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت.
هەرچەندە پێشتر رۆژی 1ی تشرینی یهكهمی 2022 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارکرا بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەبارەی سیستمی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ئێستا لایەنەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ناتوانرێت هەڵبژاردن لەو وادەیە بکرێت، بەڵام دەبێ وادەیەکی دیکە دیاربکرێت، پێشتر نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پێشنیازی ئەوەی کردبوو لە مانگی ئاداری 2023 هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
گفتوگۆی ئێستای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لەبارەی سیستمی هەڵبژاردنە، بەشێک لە لایەنەکان دەڵێن، هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی بێت و هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت بۆ سەر چوار بازنە، لە بەرامبەردا ژمارەیەک لایەنی دیکە پێیانوایە وەک هەڵبژاردنەکانی رابردوو هەموو هەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت. هەروەها کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران گرفتێکی دیکەیە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ دەکرێت.