"مێندی به‌هۆی ده‌ستدرێژی سێكسی ره‌نگه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ زیندانی بكرێت"

فێرلاندی مێندی به‌رگریكاری فه‌ره‌نسی یانه‌ی مان سیتی له‌ كاتی چوونه‌ به‌رده‌م دادگا. شاری مانچێسته‌ر 10 ئابی 2022
فێرلاندی مێندی به‌رگریكاری فه‌ره‌نسی یانه‌ی مان سیتی له‌ كاتی چوونه‌ به‌رده‌م دادگا. شاری مانچێسته‌ر 10 ئابی 2022

دادگاییکردنی بێنیامین مێندی بەرگریکاری فەرەنسی و ئەستێرەی هەڵپەسێردراوی مانچێستەر سیتی دەستیپێکرد، کە مێندی تۆمەتبارە بە 10 دەستدرێژی سێکسی و بۆ ماوەی 15 هەفتە دادگایی دەکرێت، ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساخ ببێتەوە رەنگە سزای زیندانی تاهەتایی بەسەردا بسەپێنرێت.

بێنیامین مێندی بەرگریکاری فەرەنسی کە بە 10 تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و هەوڵدان بۆ دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبارە، لە بەردەم دادگا ئامادەبوو، مێندی بۆ ماوەی پازدە هەفتە دادگایی دەکرێت، ئەگەر تۆمەتەکانیشی بەسەردا ساخ ببێتەوە ئەگەری هەیە تا هەتایە زیندانی بکرێت، ئه‌مڕۆ چوارشەممەش یەکەمین دادگایی یاریزانەکەی مانچێستەر سیتی لە شاری مانچێستەر بەڕێوەچوو.

بەرگریکارە 28 ساڵیەکە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەڵپەسێردراوە، ئەو 10 تۆمەتە رەتدەکاتەوە کە گوایە لە نێوان مانگی تشرینی یەکەمی 2018 بۆ ئابی 2021 لە ماڵەکەی خۆی لە پرێستبێری نزیک شاری مانچێستەر روویانداوە.

بێنیامین شانبەشانی پیاوێکی دیکە بە ناوی لویس ساها دادگایی دەکرێت کە ئەویش لە هۆڵی دادگا ئامادەبوو، ئەمیش تۆمەتبارە بە هەشت دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر هەشت ژن لە نێوان مانگی تەمموزی 2012 بۆ ئابی 2021 ئەنجامی داوە.

بڕیاربوو ئەم دادگاییکردنە لە 25ـی مانگی تەمووزی رابردوو دەستپێبکات، بەڵام بۆ ماوەی دوو هەفتە دواخرا، یەکەم رۆژی دانیشتنەکەش بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سوێندخواردن و رێکخستنی دانیشتنەکان تەرخان کرا و لە دانیشتنەکانی داهاتوو دەچنە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە.

ئەم ئەستێرە فەرەنسیە کە مۆندیالی 2018ـی لەگەڵ فەرەنسا بردەوە، زیاتر لە چوار مانگی لە زیندان بەڕێکرد، بەڵام لە سەرەتای ساڵ ئازاد کرا، لە هەمان کاتدا خراوەتە ژێر چاودێری دادوەر تاکو دادگاییەکەی تەواو دەبێت، لە هەمان کاتدا پێویستە لە ماڵەکەیدا بمێنێتەوە و نابێت پەیوەندی بە قوربانییەکانەوە بکات ئەوانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە، هاوکات نابێت پەیوەندی بە شایەتحاڵەکانەوە بکات ئەوانەی ناویان لە کەیسەکەدا هاتووە.

مێندی لە 15ـی مانگی هەشتی ساڵی 2021 دوایین یاریی بۆ مانچێستەر سیتی کرد و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ یارییەکی تۆپی پێی نەکردووە.

فێرلاندی مێندی به‌رگریكاری مان سیتی
فێرلاندی مێندی به‌رگریكاری مان سیتی