شا‌نگهای ئێران ره‌تده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سه‌ره‌ڕای پاڵپشتیكردنی رووسیا لە ئەندامبوونی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێكخراوی ھاریكاری شانگھای، بەڵام ئەندامەكانی دیكە رێگەی ئەندامبوونیان بە ئێران نەداوە و ره‌تیانكرده‌وه‌ ئێران ببێته‌ ئه‌ندامی رێكخراوه‌كه‌.

ئەمڕۆ شەممە ھەواڵدەری "رووسیا توده‌ی" بڵاویكردەوە كە ڤیلادیمیر پوتن سەرۆك كۆماری رووسیا لەگەڵ ئەندامبوونی ئێران لە رێكخراوی ھاریكاری شانگھای بووە، بەڵام ئەندامەكانی دیكەی ئەو رێكخراوە دژی ئەو بۆچوونە بوونە، ھەربۆیە ئێران لەو رێكخراوەیە وەرنەگیراوە.

رێكخراوی ھاریكاری شانگھای ساڵی 2001 دامەزراوە و رووسیا، چین، کازاخستان، تاجیكستان و ئۆزبەكستان تێیدا ئەندامن و ھاوكاری ئەمنی و ئابووری و كولتووری یەکدی دەکەن و كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ساڵانێكە دەیەوێ لەو رێكخراوەدا ببێتە ئەندام.

ھەوڵێكی دیكەی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەندامبوون لە رێكخراوی ھاریكاری شانگھای سەركەوتوو نەبوو. ئەو ھەوڵەی لە 2001-ەوە و لەكاتی دامەزراندنی ئەو رێكخراوەیە بەردەوامە،و تاكوو ئێستا ئەنجامی نەبووە. ئەمجارەیان لە تاشكەندی ئۆزبەكستان رێكخراوەكە كۆبووەوە،و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وەكوو چاودێری بەشداربوو، وادیارە ئەمجارەش بە چاودێری دەمێننەوە.

ڤیلادیمیر پۆتین سەرۆككۆماری روسیا گوتوویەتی كە ئێستا گرفتێك بۆ ئەندامبوونی ئێران نەماوە، چونكە گەمارۆكانی لەسەر لادراون،و رێكەوتنی ئەتۆمییەكەشی بەئەنجام گەیشتووە. بەڵام وادیارە ئەندامەكانی دیكەی شانگھای لەگەڵ نەبوونە، و سەرچاوەیەكی چینی بە ھەواڵدەری رۆیتەرزی گوتووە كە ئەولەویەت بە ئەندامبوونی ھیندستان و پاكستانە، ھەربۆیە جارێكیتر پرسی بەئەندامبوونی دواكەوت.

ساڵی 1996 قەزاقستان، تاجیكستان، توركەمەنستان بەپێشەنگی روسیا و چین لەسەر پاراستنی ئاسایشی ئاسیای ناوەراست و بەتایبەت داماڵینی چەك لەسنووری چین و یەكێتی سۆڤییەت رێكەوتن، دواتر بە وەرگرتنی ئۆزبەكستان لە 2001 ناوەكەی بە رێكخراوی ھاریكاری شانگھای گۆرا،و ئامانجە سەرەكییەكانی رێگریكردن لەدابەشبوونی وڵاتەكان لە لایەن نەتەوەكانی دیكەی ناو جوگرافیاكەیان و رێگریكردن لە توندڕەوی مەزھەبی بوو، دواتر ھاریكاری ئابووریشی پێوەزیاد كرا. بەڵام ئەوان ھەرچۆنێك خۆیان پێناسە بكەن، لەگەڵ پێناسە باوەكە یەك ناگرێتەوە، زۆر كەس پێیوایە شانگھای بەرەیەكی دژە رۆژئاوایە،و رێگری لەدەستێوەردانی وڵاتانی رۆژئاواو لەسەرووی ھەموویان ئەمریكا لە ئاسیای ناوەراست دەگرێت، ھەربۆیە روسیا پێیوایە بەھاتنی ئێران ئەو بەرەیە بەھێزتر دەبێت.

كۆماری ئیسلامی ئێران وەكوو ھەموو ئەو وڵاتانە نەتەوە و مەزھەبی دیكەی تێدا دەژیت،و سنوورەكانی مەترسیان لەسەرە،و بەئاشكراش دژی رۆژئاوا و دوژمنی ئەمریكایە، لەمێژ ساڵە ھەڵوەدای بوون بەئەندامە لەشانگھایدا، بەڵام تاكوو ئێستا دەرگای لێ نەكراوەتەوە.