ئەیاد عەلاوی: لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن

"وەك ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە"
ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنییە - فۆتۆ: ئەرشیف
ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنییە - فۆتۆ: ئەرشیف

K24 - هەولێر:

ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی پێشنیازی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکات.

سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی لە راگەیاندراوێکدا پێشنیازی کردووە، "بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێ وەك ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی دادگای فیدراڵی، لە دەرەوەی باڵەخانەی پەرلەمان بکرێ".

عەللاوی راشیگەیاندووە لە ساڵی 2010ـەوە داوای پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای سیاسەتی ستراتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان دەکات، بەڵام تا ئێستا لایەنە ناکۆکەکان بەدەم داواکەی نەهاتوون و هۆشداریشی لە تێکچوونی دۆخەکە و مەترسی قۆناغی ئێستای عێراق داوە.