شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

K24 - هەولێر
شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتی هادی عامری سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، تاوتوێی باردۆخی سیاسیی عێراق دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 14/8/2022، شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتی هادی عامری، سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی، تاوتوێی دۆخی سیاسیی عێراق و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی بەغدا دەکرێت.
سەردانی شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکدایە دوێنێ 13/8/2022، هادی عامری لە شاری بەغدا لەگەڵ محەمەد، حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش دۆخی عێراق و کۆبووەی پەرلەمان بووە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان، دوای 10 مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تائێستا نەتوانراوە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێکبهێنرێت.