دەستەبژێری سیاسیی عێراق لە داهاتووشدا ناتوانن لە چوارچێوەی پەرلەمان و حکومەتێکدا کۆببنەوە

زیرەک کەمال

K24 - هەولێر

بە بڕوای زیرەک کەمال، چاودێری سیاسی، ئەگەر خۆپێشاندانەکانی بەغدا بە شێوەی ئێستا بەردەوام بن، دوو لێکەوتەی دەبێت؛ هەڵگیرسانی توندوتیژی یان لاوازبوونی پێگەی جەماوەریی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر. ئەو چاودێرە سیاسییە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆمار نادر، بە کوردستان24ی گوت: ئەگەری زۆر کەمە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستەبژێری سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی پەرلەمان و حکومەتێکدا کۆببنەوە.

 

کوردستان24: ئەوەی ئێستا موقتەدا سەدر دەیکات، رێگەچارەی کێشە سیاسییەکانی عێراقە؟

زیرەک کەمال: ئەوەی ئێستا لە عێراق روو دەدات، راستیی سیاسیی ئەو وڵاتەیە. من ناڵێم تاهەتاهەتایە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا هیچ ئەگەرێک نابینم کە دەستەبژێری سیاسیی عێراق لە چوارچێوەی پەرلەمان و حکومەتێکدا کۆ ببنەوە. دۆخی سیاسیی ئێستا پێمان دەڵێت، عێراقییەکان گەیشتنە بنبەست. هەڵبەت ئێستا کە موقتەدا سەدر سواری شەپۆلەکە بووە و وەک ئۆپۆزسیۆن خۆی نیشان دەدات و ئاڵاهەڵگری دژایەتی گەندەڵی و نادادپەروەرییە و سەدان هەزار شوێنکەوتووی هەیە، ئەویش ئەو راستییە نییە. چوارچێوەی هەماهەنگیش بە هەمان شێوەن و پێشتر پێکهاتەکانی ناو چوارچێوەکە، ئەزموونی حوکمڕانیان هەبووە. ئێستا کۆمەڵانی خەڵ لەوان بێزارە، چونکە وەک خۆشیان دەڵێن "ئەوان تاقی کراونەتەوە و نابێ جارێکی دیکە تاقیبکرێنەوە". بەڵام لە راستیدا سەدرییەکانیش ناتوانن ئەو کارە بکەن. کێشەکە ئەوەندەی ململانێیەکی کەسی و مەرجەعییە، ئەوەندە پەیوەندی بە چاککردنی دۆخی عێراقەوە نییە.

 

کوردستان24: ئەدی ئەگەر دەستەبژێری سیاسیی عێراق نەتوانن لە داهاتوودا بە یەکەوە کار بکەن، ئەو وڵاتە چی بەسەر دێت؟

زیرەک کەمال: دۆخی عێراق هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە. من پێشتریش دووپاتم لەوە کردبووەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە، تەنیا بژاردەی بەردەم پرۆسەی سیاسی عێراقە. ئێستاش چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر، ململانێیان لەسەر ئەو بابەتە هەیە. بە واتەیەکی دیکە ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی لاری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژرادنی پێشوەختە نەبێت، ئەوە یەک لە دروشم و خواستەکانی موقتەدا سەدر هاتە دی و ئەو وەک براوە دەناسرێت. هەڵبەت پێموایە لەو قۆناغەدا چوارچێوەی هەماهەنگی ناچێتە ژێرباری هەڵبژاردنێکی دیکەوە.

 

کوردستان24: بەڵام پێتوانییە کە هەڵبژادنی پێشوەختەش رێگەچارە نییە، چونکە ئەو راستییەی ئێستای عێراق، خۆی دەرەنجامی هەڵبژاردنە.

زیرەک کەمال: پێموایە ئەگەر هەڵبژاردنێکی دیکەش بکرێت، دەرەنجامەکان دوورونزیک وەک دەرەنجام و ژمارەی کورسیی ئێستای لایەنەکان دەبێت، واتە تابلۆی سیاسی لە عێراق ناگۆڕێت. ئەگەر موقتەدا سەدر و رەوتەکەی خۆیان لەوە خۆشکردووە کە نزیکە 150 کورسی بێنن، پێموایە ئەوە دوورە لە واقیع و زۆر ئەستەمە. پێموایە دۆخی سیاسی عێراق هەر بەو شێوەی ئیستا دەمێنێتەوە. ئەگەریش زۆر بە وردی مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا نەکەن و موقتەدا سەدر لەسەر خواستەکانی خۆی پێداگر بێت، دۆجەکە بە دوو ئاراستەدا دەڕوات. ئاراستەیەک ئەوەیە کە خۆپێشاندەران ماندوو دەبن، دواجار سارد دەبنەوە و موقتەدا سەدر ئەو هێز و کاریگەرییەی نامێنێت، یان بە ئاراستەی پێکدادان و توندوتیژی دەڕوات، ئەمەش نە عێراقییەکان و تەنانەت ئێران و ئەمەریکاش نایانەوێت.

 

کوردستان24: کاریگەرییەکانی ئەگەری پێکدادانی لایەنەکانی ناو ماڵی شیعە لەسەر کوردستان چ دەبێت و پێویستە چۆنی خۆ لێبپارێزین؟

زیرەک کەمال: شەڕ لە ژێر هەر ناوێکدا، خراپە. کورد، گەلێکی ئاشتیخوازە و باوەڕ ناکەم حەزیان لە هەڵگیرسانی شەر هەبێت. ئێمە ناو ماڵ و دۆخی سیاسیی خۆمان لە ئاستی پێویستدا نییە. بۆیە پێموایە عێراق لە هەر دۆخێکدا بێت، یەکێتی و تەبایی ناو ماڵی کورد زۆر پێویستە.