رووسیا باس لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران دەکات

ئێران تەنیا لەبارەی مانای چەند وشەیەکی ناو رەشنووسی رێککەوتننامەکە پرسیاری هەیە
میخائیل ئۆلیانۆڤ، بەرپرسی شاندی دانوستانکاری رووسیا لە ڤیەننا
میخائیل ئۆلیانۆڤ، بەرپرسی شاندی دانوستانکاری رووسیا لە ڤیەننا

K24 – هەولێر

میخائیل ئۆلیانۆڤ، بەرپرسی شاندی دانوستانکاری رووسیا لە ڤیەننا، باسی لە "رێککەوتنی" نێوان کۆماری ئیسلامیی ئیران و وڵاتانی رۆژئاوایی کرد و گوتی: ئەگەری هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا هەیە.

بەرپرسی شاندی دانوستانکاری رووسیا لە گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئیران، لە توویتێکدا سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی بڵاویکردەوە، "کاتی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، نزیکە".

ئۆلیانۆڤ لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەنووسیی خۆیدا، رایگەیاندبوو کە "دەتوانم بڵێم لایەنەکان بە تەواوی لەگەڵ ناوەڕۆکی رێککەوتنی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئیراندان".

ئەو هەروەها گوتبووی، "ئێران تەنیا لەبارەی مانای چەند وشەیەکی ناو رێککەوتنەکە پرسیاری هەیە، ئەگەرنا لەگەڵ تەواوی ناوەڕۆکی ناو رێککەوتننامەکە دایە".

هەڵبەت ئۆلیانۆڤ، دووپاتیشی کردبووەوە کە "رەنگە هەر مانای ئەو چەند وشەیە، ببنە بەربەستی بەردەم سەرکەوتنی رێککەوتنەکە، هەر وەک چۆن پێشتریش لە میانەی دانوستانەکانی ڤیەننا ئەمە روویدابوو".