ئیسرائیل: تەقەکەرەکەی قودس خۆی رادەستی پۆلیس کرد

ساتی گواستنەوەی بریندارانی هێرشەکە
ساتی گواستنەوەی بریندارانی هێرشەکە

K24 - هەولێر:

پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو چەکدارەی لە قودس دەستڕێژی گوللـەی لە پاسێك کردبوو خۆی رادەستی پۆلیس کرد.

دوای ئەوەی یائیر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە لەوەی، هێزە ئەمنییەکان لە قودس بەدوای تەقەکەرەکەدا دەگەڕێن و تا دەستگیرکردنی ناوەستن، پۆلیس رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئاب، تۆمەتبارەکە خۆی رادەستی پۆلیس کرد.

درەنگانی شەوی رابردوو، کەسێک بە چەکەوە هێرشیکردە سەر سەرنشینانی پاسێک لە قودس، بەهۆیەوە حەفت هاووڵاتی ئیسرائیلی برینداربوون، کە سێ لە بریندارەکان برینەکەیان سەخت بوو.