مەسرور بارزانی: پارتی وەک هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری و داكۆكيکردنە لە شکۆی کوردستان

"پارتی تەنانەت بۆ یەک ساتیش، سازشی لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە و نایکات"
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و رۆژی لە دایکبوونی سەرۆک بازرانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: پارتی وەک هەمیشە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری و داكۆكيکردنە لە شکۆی کوردستان.

لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی هاتووە: "لە قۆناخە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی پارتیدا، سەرەڕای هەموو هەڕەشە و پیلانی دوژمنان و ناحەزان و رۆژانی سەختی بەرگریدا، پارتی تەنانەت بۆ یەک ساتیش، سازشی لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە و نایکات".

سەرۆکی حکومەت، راشیگەیاندووە: "شانازییەکی دیکەی مێژووی پڕ شکۆی پارتی وەک حزبێکی کوردستانی، ئەوەیە کە بەردەوام بەرگری لە مافەکانی مروڤ و مافەکانی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکانی کوردستان دەکات و هەمیشە، پارێزەری مافی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی کوردستانە. لەم پێناوەشدا، پارتی بەردەوام کار دەکات لە پێناو برەودان بە کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قووڵکردنەوەی فەرهەنگی لێبوردەیی لە کوردستان".                           

دەقی پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:.

بە بۆنەی حەفتا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆژی لە دایکبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی جەنابی سەرۆک و سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگر و دۆستانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم. هیوادارم وەک هەمیشە، پارتی بەردەوام لە پێشکەوتن و پێشەنگایەتیدا بێت. 

حەفتا و شەش ساڵە پارتی، وەک حیزب و بزووتنەوەیەکی جەماوەری و کوردستانی، بێ پسانەوە و دابڕان، ڕابەرایەتی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان دەکات و تا ئێستاش بەردەوامە لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان.

 لە قۆناخە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی پارتیدا، سەڕەڕای هەموو هەڕەشە و پیلانی دوژمنان و ناحەزان و ڕۆژانی سەختی بەرگریدا، پارتی تەنانەت بۆ یەک ساتیش، سازشی لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکردووە و نایکات و هەر کاتێکیش هەڕەشەیەک بۆ سەر کوردستان هەبێت، پارتی وەک هەمیشە، لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری و داكۆكيکردنە لە شکۆی کوردستان. بۆیە ئەندامانی پارتی، شانازی دەکەن و سەربەرزن، کە خاوەنی حزبێکی نیشتمانیی و ڕێبەر و سەرۆکێکن کە هەمیشە لە سەنگەرەکانی پێشەوەیە لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکان بۆ بەڕەڤانیکردن و بەرزڕاگرتنی شکۆی خەڵکی کورستان.

شانازییەکی دیکەی مێژووی پڕ شکۆی پارتی وەک حزبێکی کوردستانی، ئەوەیە کە بەردەوام بەرگری لە مافەکانی مروڤ و مافەکانی گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکانی کوردستان دەکات و هەمیشە، پارێزەری مافی سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتەکانی کوردستانە. لەم پێناوەشدا، پارتی بەردەوام کار دەکات لە پێناو برەودان بە کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قووڵکردنەوەی فەرهەنگی لێبوردەیی لە کوردستان.                           

لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا، سڵاو لە دامەزرێنەری پارتی و ڕێبەری نیشتمانیمان مستەفا بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو و گشت شەهیدانی کوردستان.

مەسرور بارزانی

شازدەی ئابی 2022