به‌هۆی دۆخی عێراقه‌وه كۆچكردن به‌رێژه‌ی سه‌دا 40 زیادیكردووه

K24 – هه‌ولێر:
ده‌زگای لوتكه بۆ كاروباری په‌نابه‌ران رایگه‌یاند، رێژه‌ی كۆچكردنی هاووڵاتیانی عێراق له كۆتایی مانگی ته‌مموز و سه‌ره‌تای مانگی ئاب، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌ته‌وه. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌و ده‌زگایه، گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و تۆپبارانكردنی ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن توركیا‌وه، هۆكاری سه‌ره‌كین بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی كۆچكردنی هاووڵاتیانی عێراق.
به‌پێی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌كانی ده‌ریا و ترسناكی رێگه‌ی گه‌شتكردنیان، ته‌نها له سه‌ره‌تای چوار مانگی ئه‌مساڵدا 18 هه‌زار په‌نابه‌ر له ده‌ریای ناوه‌ڕاست، به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا په‌ڕیونه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به رێژه‌ی كۆچكردن له عێراقدا، ده‌زگای لوتكه ئاشكرای كردوو، كۆچكردن به رێژه‌ی 35% بۆ 40% زیادیكردووه كه ئه‌م رێژه‌یه‌ش بۆ یه‌كه‌مجاره له‌دوای ساڵی 2020، به‌م شێوه‌یه به‌رزبێته‌وه.