حکومەت کێشەی پارچە زەوی زیاتر لە هەزار و 360 پێشمەرگە چارەسەر دەکات

زەوییەکان تاپۆ دەکرێن و دەتوانن خانووی لەسەر دروست بکەن
دیار بەحری، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک
دیار بەحری، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک

K24 – دهۆک

زیاتر لە هەزار و 365 پێشمەرگە ماوەی 10 ساڵ پێش ئێستا پارچە زەوییان پێدرابوو، بەڵام بەهۆی کێشەی کارگێڕی زەوییەکانیان تاپۆ نەکراوە و نەیانتوانیووە خانووی لەسەر دروست بکەن، بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکە چارەسەرکرا و زەوییەکان لەسەر ئەو پێشمەرگانە تاپۆ دەکرێن.

دیار بەحری، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "زیاتر لە 10 ساڵە ئەو پارچە زەوییانە دراون بە 1365 پێشمەرگە، کە چەندین ساڵە خزمەتیان کردووە، ئەو زەوییانە بە فەرمی دابەشکرابوون، بەڵام هەندێک کێشەی کارگێڕیان هەبوو، بەوهۆیەوە پارچە زەوییەکان تاپۆ نەدەکران خاوەنەکانیان نەیاندەتوانی خانوو لەسەر زەوییەکان دروست بکەن، بە پشتیوانی پارێزگای دهۆک زۆر بەدواداچونمان کرد بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد و بڕیاردرا لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکبهێندرێت".

راشیگەیاند: "دوای ئەوەی لیژنەکە کارەکانی تەواوکرد و ئەنجامەکەی دایەوە ئەنجومەنی وەزیران، بە سوپاسەوە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دا و کێشەکان چارەسەرکران، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ دەستبەکار دەکەین لەماوەی دوو مانگدا هەموو رێکارەکان تەواو دەکەین و زەوییەکان تاپۆ دەکرێن".