عەبدولباسیت حەمۆ: هەوڵیکی ناوچەیی بۆ تێکەلکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا هەیە

عەبدولباسیت حەمۆ
عەبدولباسیت حەمۆ

K24 – هەولێر

عەبدولباسیت حەمۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا، ئاشکرای کرد کە رووسیا لە رێگەی قەندیل، ئێران و تورکیاوە، دەیەوێت هێزی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تێکەڵ بە سوپای سووریا بکات.

ماوەیەکە حکومەتی تورکیا، باسی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا دەکات. ئەو پرسە دوای ئەوەی مەولود چاووش ئۆغلو وەزیری دەروەی تورکیا باسی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ فەیسەڵ میقدادی هاوتاسوورییەکەی خۆی کرد، گەرمتر بووە.

عەبدولباسیت حەمۆ، پێیوایە رووسیا لەو نێوەدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و دەیەوێت حکومەتەکانی ئەنقەرە و دیمەشق لەیەک نزیک بکاتەوە. ئەو بە کوردستان 24 دەڵێت: رووسیا هەوڵ دەدات تورکیا و سووریا لە یەک نزیک بکاتەوە و هاوکات بە هاوکاری ئێران و قەندیل، هێزی سووریای دیموکرات (هەسەدە) تێکەڵ بە سوپای سووریا بکات.
هەسەدە، بە باڵی سەربازیی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) ناسراوە و لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان، ناوچەیەکی خۆسەر بەڕێوە دەبەن. تورکیا بەردەوام دووپاتی کردووەتەوە کە پەیەدە، بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

پێشتر دەستەڵاتدارانی تورکیا لە پەیامێکدا بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا، رایانگەیاندبوو کە ئەگەر دیمەشق ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بە فەرمی نەناسێت، ئەنقەرە ئامادەیە پشتگیری کە حکومەتی دیمەشق بکات.