"كاسێمیرۆ ئاماده‌یه له ریال مه‌درید بڕوات"
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندنی به‌ریتانیا كاسێمیرۆ پێشوازی له ئۆفه‌ره‌كه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد كردووه و ئاماده‌یه ریال مه‌درید جێبهێڵێت و دووباره له پاڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ له یه‌ك تیپ یاری بكات.
رۆژنامه‌ی تێلێگرافی به‌ریتانیا له راپۆرته هه‌واڵێكدا ئاشكرای كردووه كه یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له گواستنه‌وه‌ی دی یۆنگ كشاوه‌ته‌وه و كه نرخه‌كه‌ی سه‌رووی 80 ملیۆن یۆرۆیه، ده‌یه‌وێت له جیاتی ئه‌و یاریزانه هۆڵه‌ندییه، كاسێمیرۆ بگوازێته‌وه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، كاسێمیرۆ رازیبووه بچێته مانچێسته‌ر یونایتد، ته‌نانه‌ت ریال مه‌دریدیش ئاماده‌یه ئه‌و یاریزانه بفرۆشێت ئه‌گه‌ر ئۆفه‌رێكی 50 ملیۆن پاوه‌ندی له یانه‌ی مان یونایتده‌وه پێشكه‌ش بكرێت.
سه‌رچاوه‌كه نووسیویه‌تی: یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد ئاماده‌یه مووچه‌ی كاسێمیرۆ بكاته دوو هێنده‌ی ئێستای كه له ریال مه‌درید وه‌ریده‌گرێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی ئیتاڵی رایگه‌یاندووه كاسێمیرۆ و ئانچیلۆتی له‌م نزیكانه دانیشتنێك ده‌كه‌ن و هه‌موو شتێك یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه.
كاسێمیرۆی ته‌مه‌ن 30 ساڵ، پێشتر له یانه‌ی ساوپاوڵۆی به‌رازیلی پێگه‌یشتووه، له 2013 په‌یوه‌ندی به تیپی كاستیای ریال مه‌درید كرد، دواتر به‌شێوه‌ی خواستن روویكرده یانه‌ی پۆرۆتۆی پورتوگالی، له 2015 به یه‌كجاری گه‌ڕایه‌وه ریال مه‌درید و له پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی جێگیر بوو، له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید له كۆی 336 یاری، 31 گۆڵ و 29 ئاسیسی كردووه و پێنج نازناوی چامپیۆنزلگ و 3 نازناوی لالیگای به‌ده‌ستهێناوه و گرێبه‌سته‌كه‌شی له 2025 له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید كۆتایی دێت.