تورکیا کوژرانی بەرپرسێکی پەکەکەی لە قامیشلۆ راگەیاند

"محێدین گولۆ لە نۆی ئابدا لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری تورکیادا کوژراوە"
محێدین گولۆ
محێدین گولۆ

K24 - هەولێر

دەزگای هەواڵگری تورکیا رایگەیاند، رۆژی نۆی ئەم مانگە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانیاندا لە قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان، بەرپرسێکی پەکەکە کوژراوە، کە مەشقی بە چەکدارانی پەکەکە کردووە، لەسەر بەکارهێنانی چەک و دروستکردنی بۆمب.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی ئابی 2022 ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا رایگەیاند، محێدین گولۆ کە یەکێک بووە لە بەرپرسانی ئاکادیمیای هەبات دەریک کە مەشقی سەربازیی و ئایدۆلۆجی بە چەکدارانی بە پەکەکە/یەپەگە کردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) دا لە شاری قامیشلۆ کراوەتە ئامانج.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسەی تورکیا، محێدین گولۆ، رۆڵی هەبووە لەو هێرشانەدا کە کراونەتە سەر هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و "مەشقی بە چەکدارانی پەکەکە کردووە، لەسەر بەکارهێنانی چەک، دروستکردنی بۆمب و کوشتن".

کوژرانی ئەو بەرپرسەی پەکەکە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 28ی تەموزی 2022، دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکیاندا لە شاری سلێمانی، خەجیجە هەزەر، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پەکەکەیان کردووەتە ئامانج، ئەو تیمەش کە بە کارەکە هەڵساون گەڕاونەتەوە تورکیا.

هەروەها رۆژی 17ی حوزەیرانی 2022 فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، ئۆتۆمبێلکی چەکدارانی پەکەکەیان لە نزیک سایلۆی کەلار کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران، دواتریش سوپای تورکیا رایگەیاند، لەو هێرشەدا بەرپرسێکی باڵای پەکەکەیان بە ناوی دەلال عەزیز لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووەتە ئامانج و کوشتوویانە.