وەزیری رۆشنبیری: کارێک ناکەم ئازادی کۆتوبەند بکرێت و دژی هەواڵی درۆم

"پرۆژەیەكمان هەیە بە ناوی رێكخستنی فریكوێنسی"
حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان
حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - سلێمانی:

وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەماوەی بەرپرسیارێتیدا، کارێک ناکات لە رێنماییەکانی وەزارەتەکەیدا، ئازادی کۆتوبەند بکرێت و سانسۆر بخرێتە سەر ئەو بەرهەمانەی ژمارەی سپاردنیان پێدەدرێت.

حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (22ی ئابی 2022) لە شاری سلێمانی، سەردانی سەنتەری میترۆی کرد و بەگوێرەی راگەیەندراوی سەنتەرەکە گوتوویەتی "خەباتی من بۆ ئازادی بووە، لە ماوەی بەرپرسیارێتیم لە وەزارەت كارێك ناكەم لە رێنماییەكاندا ئازادی كۆتوبەند بكرێت و سانسۆر بخرێتە سەر ئەو بەرهەمانەی ژماری سپاردنی پێدەدەین".

/

وەزیری رۆشنبیری، پشتیوانی خۆی بۆ هەڵمەتی سەنتەری میترۆ بۆ دژایەتیکردنی هەواڵی چەواشەکاری و ناڕاست دەربڕیوە و باسی لەوەکردوە، کە "پرۆژەیەكمان هەیە بە ناوی (رێكخستنی فریكوێنسی) كە هەمواركردنی رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2014 یە و رێنمایی دەردەکات بۆ كاری میدیای، كە پشت ئەستوورە بە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان".

.

هەروەها رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەکردوە، بۆ هەڵمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە دژی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و پشتیوانی وەزارەتەکەیان دەوێت و بۆ پرۆژەی رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی زانیارییان دەوێت.

.

سه‌نته‌ری میترۆ له  مانگی‌ ئابی 2009‌، به‌ هاوكاری رێكخراوی  په‌یمانگای رۆژنامه‌نووسانی جه‌نگ‌ و ئاشتی دامه‌زرا و بەرگری لە ئازادی کاری رۆژنامەنووسی دەکات، لەماوەی دوو مانگی رابردووشدا، چەند چالاکییەکیان لە هەرێمی کوردستان، بۆ هۆشیارکردنەوەی رۆژنامەنووسان لە هەواڵی ناڕاست ئەنجامداوە، لە ژێر ناونیشانی هەڵمەتی دژە چەواشەدا.