رووسیا دژایەتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە

سووریا بە پێچەوانەی تورکیا، بە مەرج لەگەڵ حکومەتی ئەنقەرە ئامادەی دانوستانە
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد هاوتا سووریەکەی
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد هاوتا سووریەکەی

K24 – هەولێر

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، دووپاتی لە دژایەتی وڵاتەکەی بۆ هەر هێرشێکی سوپای تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان کردەوە. هاوکات وەزیری دەرەوەی سووریا، ئاشکرای کرد کە مەرجی پێشوەختەیان بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا هەیە.

وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، هاوتا سوورییەکەی خۆی، لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان، گوتی: ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی لە باکووری سووریا جێگەی قبووڵکردن نییە".

سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، رووسیا لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ پێشگرتن لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازیی کار دەکات.

لەلایەن خۆیەوە فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا، داوای لە حکومەتی تورکیا کرد، پێش لە دانوستانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، "رێز لە سەروەری خاکی سووریا بگرێت، لە خاکی سووریا بکشێتەوە و پشتگیری خۆی لە گرووپە تیرۆریستییەکان رابگرێت.

فەیسەڵ میقداد، هەروەها گوتی: دیمەشق رێز لە هەوڵەکانی ئێران و رووسیا بۆ لەیەک نزیککردنەوەی تورکیا و سوریا دەگرێت، بەڵام هەندێ کار و ئەرک هەیە، پێویستە پێشتر ئەنقەرە ئەوان جێبەجێ بکات.

ئەو دووپاتیکردەوە، "متمانە بەو کەسانە ناکرێت کە پێشتر پشتگیریان لە تیرۆر کردووە".

ئەو قسانەی فەیسەڵ میقداد لە کاتێکدایە کە مەولود چاوش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشتر ئاشکرای کردبوو، لەسەر ئاستی دەستگە تەناهییەکان، گفتوگۆ و هاوکاری لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق هەیە.

ئەو، هەروەها رایگەیاندبوو، هیچ پێشمەرجێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سووریادا نییە.