وەزیری کارەبا: بەشەکانی خزمەتگوزاریی کارەبا و فرۆشتنی وزە و پێوەری زیرەک چالاک دەکرێن

"بەبێ وەرگرتنی کرێی کارەبا، ئەستەمە بتوانرێت خزمەتگوزاریی کارەبا باشتر بکرێت"
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی وه‌زاره‌تی كاره‌با
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی وه‌زاره‌تی كاره‌با

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشەکانی خزمەتگوزاریی کارەبا و فرۆشتنی وزە و پێوەری زیرەک چالاک دەکرێن و بەبێ وەرگرتنی کرێی کارەبا، ئەستەمە بتوانرێت خزمەتگوزاریی کارەبا باشتر بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئابی 2022، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کۆبووەوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەی داهات و خەرجییەکانی کارەبا.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، وەزیری کارەبا جەختی لەسەر گرنگی کۆکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی قەرزەکانی کردەوە، چونکە "بەبێ وەرگرتنی کرێی کارەبا، ئەستەمە بتوانرێت خزمەتگوزاریی کارەبا باشتر بکرێت".

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە، بەشەکانی خزمەتگوزاریی کارەبا و فرۆشتنی وزە و پێوەری زیرەک لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا چالاک بکرێن و بەشەکانی چاکسازیش لەسەر هەڵمەتی نەهێشتنی زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا بەردەوام بن.

رۆژی 21ی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد و بەرپرسانی وەزارەتەکەی راسپارد، هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ و پلان و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت کارەبای بەردەوام بە هاووڵاتییان بدرێت، گوتیشی "دەبێت رێگری لە هەموو بەهەدەردانێکی کارەبا و زێدەڕۆیی بۆ سەر کەرتی کارەبا بکرێت".

خواست لەسەر کارەبا لە هەرێمی کوردستان، لە وەرزەکانی هاویندا زیاترە لە شەش هەزار مێگاوات، بەڵام توانای بەرهەمهێنان 3500 مێگاواتە، بەوهۆیەوە ماوەی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی بەسەر هاووڵاتیاندا بەگوێرەی وەرزەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، حکومەتیش هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بڕینی سەرپێچییەکانی کارەبا و زیاترکردنی رێژەی بەرهەمهێنان.