فەرەنسا؛ لە ساڵێکدا 122 ژن کوژراون

زۆربەی بکوژەکان، پیاوانی خێزاندار، هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسی، بێکار و تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 49 ساڵانە
خۆپێشاندان دژی ژنکوژی لە فەرەنسا
خۆپێشاندان دژی ژنکوژی لە فەرەنسا

K24 – هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئاماری ژنکوژی لە ساڵی 2021 بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو ئامارە، ژمارەی ئەو ژنانەی لەلایەن هاوسەرانیانەوە کوژراون، 20٪ زیادیکردووە.

بەپێی ئامارەکانی ئەو راپۆرتە کە لەژێر ناوی "کوشتن لە نێو هاوسەران"ـدا بڵاوبووەتەوە، لە ساڵی 2021 جیا لە 122 ژن، 21 پیاویش لەلایەن ژنەکانیانەوە کوژراون.

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا دەڵێت: ئەنجامەکانی ئەو راپۆرتە دەرخەری ئەوەن کە ژمارەی حاڵەتەکانی کوشتنی خێزانی بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینی یەکەم، زیادبووە. بەو پێیە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە فەرەنسا، لە هەر دوو رۆژ و نیوێکدا، حاڵەتێکی کوشتنی خێزانی تۆمارکراوە.

بەپێی راپۆرتەکە، ژنان هەر وەکوو ساڵانی پێشوو، قوربانیی سەرەکیی توندوتیژی خێزانین. لە ساڵی 2020ـدا، 102 ژن و لە ساڵی 2019ـدا 146 ژن بە هۆی توندوتیژی خێزانییەوە گیانیان لەدەستداوە.  

لێکۆڵینەوەکانی ئەمساڵی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، دەرخەری ئەو راستییەن، رەگەز، تەمەن و دۆخی کۆمەڵایەتیی بکوژەکان، گۆڕانکاری ئەوتۆی نەبووە. زۆربەی بکوژەکان، پیاوانی خێزاندار، هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسی، بێکار و لە نێوان 30 بۆ 49 ساڵان دان. پیاوانی سەروو 70 ساڵیش، لە پلەی دووەمی رێزبەندی ژنکوژان دان.

جیا لە پرسی کوشتن، لە هەر سێ ژن، یەک ژن قوربانیی توندوتیژی خێزانییە. 64٪ـی ئەو ژنانە رایانگەیاندووە، رووبەڕووی توندوتیژی خێزانی بوونەتەوە، لەو رێژەیەش 84٪ـی ژنان، سکاڵایان لەسەر کەسی بەرامبەریان تۆمار کردووە.