بانکی جیهانی هۆشداری لە داکەوتنی ئابووری جیهان دەدات

سەرۆکی بانکی جیهان: بۆ ماوەیەک ئابووری جیهان دووچاری داکەوتن دەبێت
داکەوتنی ئابووری
داکەوتنی ئابووری

K24 - هەولێر:

دەیڤد مالباس سەرۆکی بانکی جیهانی رایگەیاند، ئابووری جیهان بۆ ماوەیەک دووچاری دۆخی داکەوتن دەبێت، بە تایبەت ئەگەر وڵاتە زلهێزە ئابوورییەکان نەتوانن ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکەنەوە.

مالباس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی بۆ ئاژانسی بلوومبێرگ رایگەیاند، ئاستەمە لە داکەوتنی هەڵاوسان دەرباز بین، لەگەڵ بەردەوامی بەرزکردنەوەی نرخی سوو ئاستی خواست کەم دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا  خستنەڕوو بە گوێرەی پێویست نابێت، بۆیە پێویستە بانکە ناوەندییەکان تیشکی بخەنە سەر.

سەرۆکی بانکی جیهانی ئاماژەی بەوەشدا، داکەوتنی هەڵاوسان بە واتای ئەوە دێت رێژەی هەڵاوسان زۆر زیاترە لە ئامانجی بانکە ناوەندییەکان و ئەوەش کاریگەری لەسەر رێژەی گەشە دەبێت. کە هەروەک ئێستا لە بازاڕەکان روودەدات. ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر  وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان و ئەو کەسانەی داهاتیان کەمە دەبێت.

ئەو لێدوانەی سەرۆکی بانکی جیهانی دوای لێدوانی جێرۆم پاول سەرۆکی ئەنجوومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا دێت، کە لە سیمینارێکدا دووپاتیکردەوە، بانکەکەیان بەردەوام دەبێت لە بەرزکردنەوەی نرخی سوو تاوەکو لە رێگەیەوە رێگری لە خێرا بەرزبوونەوەی نرخی سوو بگرێت.