"دزه‌كان رێگری له‌ چوونی ئۆبامیانگ بۆ چیڵسی ده‌كه‌ن"

ئۆبامیانگ هێرشبه‌ر گابۆنی یانه‌ی بارسێلۆنا
ئۆبامیانگ هێرشبه‌ر گابۆنی یانه‌ی بارسێلۆنا

بەهۆی ئەو هێرشە چەکدارییەکی کرایە سەری لە ماڵەکەیدا ئۆبامیانگ چەناگەی شکاوە و رەنگە ببێتە هەڕەشە لەسەر گواستنەوەی بۆ یانەی چێڵسی.

رۆژنامەی زە ئەتلەتیکی بەریتانی بڵاویکردەوە گفتوگۆکانی چوونی ئۆبامیانگی ئەستێرەی بارسێلۆنا بۆ چێڵسی رەنگە کێشەی تێبکەوێت، دوای ئەوەی یاریزانە گابۆنیەکە بەهۆی ئەو هێرشە چەکداریەی دوو رۆژ لەمەوبەر لە ماڵەوە کرایە سەری چەناگەی شکا.

دێڤید ئۆرنێستین کە رۆژنامەنووسە لە رۆژنامەی زە ئەتلەتیک نووسیویەتی: گفتوگۆکان لە نێوان چێڵسی و بارسێلۆنا بەردەوامە لە بارەی ئۆبامیانگ، بەڵام ئەو پێکانەی یاریزانەکە کە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی بۆ چەند هەفتەیەک رەنگە کێشە دروست بکات.

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کردووە چێڵسی پێیوایە یاریزانەکە چەند هەفتەیەک دادەبرێت تەنانەت رەنگە پێویستی بە نەشتەرگەری بکات.

لەلایەن خۆیەوە جێرارد رۆمێرۆی رۆژنامەنووسی ئیسپانی دەڵێت ئۆبامیانگ بۆ چوار تا پێنج هەفتە دوور دەکەوێتەوە.

به‌ره‌به‌یانی رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو چوار چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئۆبامیانگی هێرشبەری بارسێلۆنا کە ماڵەکەی دەکەوێتە ناوچەی کاستێل دێفێلس لە شاری بارسێلۆنا، چەکدارەکان بە چەک هەڕەشەیان لە یاریزانەکە و خێزانەکەی کردووە، بە زۆر گەنجینەکەیان بە ئۆبامیانگ کردووەتەوە و چەند پارچە زێڕێکیان بردووە، دزه‌كان ئۆبامیانگیان توند به‌ستووه‌ته‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێر فڕێیانداوه‌ته‌ سه‌ر زه‌وی، به‌ پاره‌چه‌كی ئاسن له‌ هێرشبه‌ره‌كه‌ی بارسێلۆنایان داوه‌، هه‌روه‌ها كه‌لوپه‌لێكی ئاسنیشیان له‌سه‌ری خێزانی ئه‌و یاریزانه‌ داوه‌‌ و هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان له‌به‌رچاوی منداڵه‌كانی ئۆبامیانگ كردووه‌، دزه‌كان به‌ زمانی ئیتاڵیش قسه‌یان كردووه‌، پاشان بە ئۆتۆمبێلێك هەڵاتوون.

دێڤید ئۆرنێستین تاكه‌ رۆژنامه‌نووس بوو كه‌ ته‌واوی ورده‌كاری ئه‌م هه‌واڵه‌ی بڵاوكرده‌وه‌، چونكه‌ بارسێلۆنا له‌ ترسی ئه‌وه‌ی گفتووگۆیه‌كان له‌گه‌ڵ چێڵسی شكست نه‌هێنێت زانیارییه‌كانی به‌ ته‌واوه‌تی بڵاونه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ ئۆبامیانگ زامدار كراوه‌ و له‌ سه‌ری دراوه‌ و چه‌ناگه‌شی شكاوه‌.