كۆمێنتارێكی كورد له نێو میدیایه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌نگی داوه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
لاوین هابیل كوڕه كوردێكی شاری زاخۆیه به‌هۆی ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی له نێو وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌نگی داوه‌ته‌وه و له لایه‌ن وه‌زیری وه‌رزش و لاوانی یه‌مه‌نه‌وه سووپاسی ده‌كرێت.
لاوین هابیل پێشتر له 2019 به‌شداریی له پرۆگرامی Allo Bein كرد كه له لایه‌ن كۆمێنتاره به ناوبانگه‌كانی كه‌ناڵی بی ئێن سپۆرتسی قه‌ته‌رییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرا، كوره كورده‌كه‌ی زاخۆی تا قۆناخی كۆتایی پرۆگرامه‌كه رۆیشت و له مانگی نۆڤێمبه‌ری 2019 له‌سه‌ر ئاستی 8 كۆمێنتاری عه‌ره‌بی پله‌ی یه‌كه‌می له نێو وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ده‌ستهێنا.
لاوین هابیل له ماوه‌كانی رابردوو له چه‌ناڵی خۆی له یوتیوب كۆمێنتاری به زمانی عه‌ره‌بی بۆ به‌شێك له یارییه‌كانی پاڵاوتنی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئاسیا كرد، به‌تایبه‌تی یارییه‌كانی، ئێران، كۆریای باشوور، لوبنان، عێراق، عومان و یه‌مه‌ن، به‌م هۆیه‌وه ناوبانگی ئه‌و كوره كورده ببووه باس و خواسی نێو میدیایه‌كانی عه‌ره‌بی.
له كاردانه‌وه‌یه‌ك ئه‌مشه‌و 31ـی ئابی 2022 نائیف ئەلبەکری وەزیری لاوان و وەرزشی یەمەن له هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له فه‌یسبووك پۆستێكی له باره‌ی كوره كورده‌كه‌ی زاخۆ كردووه و سووپاسی كرد كه به ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی كۆمێنتاری بۆ یارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كردووه.
وه‌زیره‌كه‌ی یه‌مه‌ن نووسیویه‌تی: سووپاس و پێزانینی خۆمان ئاراسته‌ی شرۆڤه‌كاری وه‌رزشی كوردی عێراق ده‌كه‌ین كه خۆبه‌خشانه خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به وه‌رزشی وڵاته‌كه‌ی كردووه، ته‌نانه‌ت له گوند و شاره‌كانی یه‌مه‌ن له‌به‌رده‌م شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی گه‌وره هه‌میشه گوێبیستی ده‌نگی بووین و چێژ له كۆمینتاری ئه‌و شرۆڤه‌كاره وه‌رده‌گرین.
نائیف ئەلبەکری وەزیری لاوان و وەرزشی یەمەن هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه كه دڵخۆشن به‌و كۆمێنتاره كه یارییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانی وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆ و ده‌ره‌وه به‌ڕێوه‌ده‌بات.
پێشتر عه‌لی محه‌مه‌د عه‌لی كۆمێنتاری به‌ناوبانگی میسری لاوینی هابیلی وه‌كو باشترین كۆمێنتاری مانگ له 2019 هه‌ڵبژارد و به‌ربژێریش بوو بۆ ئه‌وه‌ی له كه‌ناڵی بی ئێن سپۆرتسی قه‌ته‌ری كۆمێنتاری بۆ یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگی 2020 بكات.