سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: پێویسته‌ بە زووترین کات هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوور کاری لەپێشینەمانە
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان

K24 – هەولێر

رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دووپاتیکردوە، یاسای پەیوەندیدار بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری هەمیشەیی کوردستان، کاری لەپێشینەی ئەم وەرزەی یاسادانان دەبێت.

ئەمڕۆ (پێنجشەممە 1ـی ئەیلوول) دانیشتنی ژمارە یەکی ئاسایی خولی پاییزەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، تەمەنی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان كه‌متر له‌ دوومانگی ماوە، بەڵام تا ئێستا لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر یاسای پەیوەندیدار بەو پرسە، رێکنەکەوتوون.

رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمان، لە گوتاری دەستپێکی خولی پاییزە، دووپاتیکردەوە کە یاساکانی پەیوەندیدار بە کۆمسیۆن و هەڵبژاردن و ئامادەکردنی رەشنووسی دەستووری هەمیشەی کوردستان، کارەی لەپێشینەیان دەبێت.

بەپێی قسەی سەرۆکی پەرلەمان، لە چەند رۆژی داهاتوودا، کۆبوونەوەی لوتکەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێودەچێت. ئەو، داوای لەو هێزانە کرد، لەسەر پرسەکانی تایبەت بە دەستوور و هەڵبژاردن رێکبکەون و رۆژێک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکەن.

رێواز فایق، پێیوایە "ئەرکی هەموو لایەک و پەرلەمانی کوردستانیشە کە هێز و لایه‌نە سیاسییەکان لەیەک نزیکبکەنەوە.

سەرۆکی پەرلەمان گوتی: پێویستە رێکارەیاساییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بگیرێنەبەر و لە نزیکترین کاتدا، هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.